لەبارەی هێرشە ئەلیكترۆنییەكانەوە هۆشداری دەدرێتە ژنان

24/06/2019

نەوا - سەعید عەبدوڵا - هەولێر
بەبەشداری ژمارەیەك لە راگەیاندنكار و چالاكوانی بواری ژنان و كۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی كوردستان كۆنفرانسێكی تایبەت بە پاراستنی ژنان لە هێرشی ئەلیكترۆنی و بەشداری ژنان لە بواری راگەیاندن لە هەرێمی كوردستان سازكرا.
بەمەبەستی دانانی پڕۆژەیەكی درێژخایەن بۆ بەشداریكردنی ژنان لە راگەیاندندا و دروستكردنی ژنی سەركردەو پاراستنی ژنان لە هێرشی ئەلیكترۆنی، رۆژی دووشەممە لە هۆتێل رۆتانا لەشاری هەولێر رێكخراوی ئینتەرنیوز بەبەشداری ژنان لەبوارە جیاوازەكاندا كۆنفرانسێكی ئەنجامداو تێیدا پەخشان كاكە وەیس سەرۆكی رێكخراوی ئینتەر نیوز لە عیراق وتی "دەمانەوێت كار بۆ ئەوەبكەین یەكسانی جێندەری لەتەواوی بوارەكانی نێو كۆمەڵگادا بونی هەبێت، بۆ نمونە لە بواری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوریدا".
وتیشی "بۆیە ژنانی راگەیاندنكار و میدیاكارمان دەستنیشانكردوە، چونكە ئەوان دەتوانن لەنێو كۆمەڵگادا رۆڵی باش ببینن لەبواری یەكسانی جێندەری و پاراستنی مافی ژنان لە تەواوی  بوارە جیاجیاكاندا".
لایخۆیشیەوە خانم لەتیف راوێژكاری سەرۆك كۆماری عیراق بۆ كاروباری ژنان باسی لە رۆڵی ژنان لەبواری میدیاو بەشداری ژنان لەناوەندەكانی بڕیارداندا كرد و رایگەیاند، ژنان رۆڵێكی كاریگەریان هەیە لەبواری میدیادا، كاركردنی ژنان لەنێو میدیادا خۆی لەخۆیدا بوێری و ئازایەتی ژنان دەردەخات و پێویستە لەداهاتودا كار بۆئەوە بكرێت ژنان زیاتر كار لەنێو میدیا بكەن بۆئەوەی بتوانن داكۆكیكاربن لەبەدەستهێنانی مافەكانیان.
لەلایەكی دیكەوە دونیا مەردان ئەندامی تیمی بەڕێوەبەری رێكخراوی ئینتەرنیوز ئاماژەی بەوەدا، كە دەیانەوێت یەكسانی جێندەریی بەرقەرار بكەن و ژنان بەشداربكەن لەبڕیاردان لەكایەی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابوری، بونیادنانی وڵاتدا و جێگاگرتنیان لە هەموو جومگەكانی حكومەتدا.
وتیشی "پرۆژەكە بەهاوكاریی چەند رێكخراوێكی مەدەنی و ژنان لەناوخۆدا بەڕێوەدەچێت، كە هاوبەشن لەگەڵمان، پرۆژەكە لەسەرئاستی عیراق دەبێت و لە مانگی 1ی ئەمساڵەوە دەستی بەكاركردوە، بەڵام ئەمڕۆ رامانگەیاند".
پرۆژەی دەنگەكانمان بەواتای بەرزكردنەوەی دەنگی ژنانەو ئامانج لێی زیادبوونی ئامادەیی ئافرەتە لە میدیاكان و پەرەپێدانی توانای ئافرەتە لە رێگای كاری میدیایی و هۆشیاری ژنانی عیراق لەسەر مافەكانیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group