پارتی: لە دۆسێی سەربازیی كەركوكدا بەرەوپێشچوین و دۆسێی سیاسییش دەستپێدەكەین

24/06/2019

نەوا
شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك رایگەیاند داواكارییەكانیان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆسێی ئەمنی و سەربازیی كەركوك جێبەجێكراوە.
رۆژی دووشەممە لە بەرنامەی "ئاراستە"ی رادیۆ نەوادا شاخەوان عەبدوڵڵا وتی "هەفتەی رابردو بەرەوپێشچونی باش دروستبوە و رۆژی سێ شەممەش كۆبونەوەكان لە بەغدا دەستپێدەكەنەوە و دوای ئەو دۆسیەیەش، دۆسێی سیاسی دەستپێدەكات".
سەبارەت بە پارێزگاری كەركوكیش وتی "ئێمە بۆ رازی نەبوین بە دانانی پارێزگار؟ چونكە مانای ئەوەیە بەو واقیعە رازین، كە لە كەركوكدا هەیە كەواتە لیژنەی ئاساییكردنەوەی بۆچییە؟، جگە لەوە ئەو پارێزگارە هیچ دەسەڵاتێكی نەدەبو، چونكە بە فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو دەسەڵاتەكانی دراوە بە ئیدارە عەمەلیاتی سەربازی".
هەر لەبەرنامەكەدا رێباز سابیر بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ئاماژەی بە سەندنەوەی ئەو رۆڵە زۆرە كرد، كە یەكێتی و پارتی لە كەركوكدا هەیانە و وتی "حزبەكانی دیكە دەتوانن ئەو رۆڵەیان لێوەربگرنەوە و خەڵكیش متمانە بدەن بەو حزبانەی نە لە رابردو نە لەداهاتودا قۆرغكارییان نەكردوە".
لەبارەی گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بۆ كەركوك، ئەو بەرپرسەی كۆمەڵی ئیسلامی وتی "ئومێدمان وایە پارتی بگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر یەكێتی و پارتی بە دوو ئاسایش و دوو ئیدارە دەگەڕێنەوە، ئەوا نەك پارتی، یەكێتی-یش دەربچێت لە كەركوك لە قازانجی خەڵكی شارەكەدایە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group