داوا دەكرێت نرخی بەنزین و گاز و نەوتی سپی لە هەرێم وەك عێراقی لێ بكرێت

24/06/2019
غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان

نەوا
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان، داوا لە بەرپرسانی نەوتی حكومەتی فیدراڵ دەكات نرخی بەنزین و گاز و نەوتی سپی لە هەرێمی كوردستان وەك عێراقی لێبكرێت.
غالب محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان رایگەیاند: وەك لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سروشتیەكانی عێراق كۆبوونەوەیان كردووە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق و داوای ئەوەی كردووە كە نرخی (بەنزین و گاز و نەوتی سپی) لە هەرێمی كوردستان وەك عێراقی لێبكرێت.
پەرلەمانتارەكەی گۆڕان ئاماژە بەوەدەكات لەكۆبوونەوەكەدا باسی لەوەكردووە‌ جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنرخ لەنێوان هەرێم و عێراقدا، هەروەها پێی ڕاگەیاندوون گەر كێشەتان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم هەیە بەهۆی رادەستنەكردنی نەوت، ئەوە بڕۆن چۆن و چیدەكەن بیكەن بۆ گەڕانەوەی نەوتی هەرێم، بەڵام هاوڵاتیانی هەرێم تاوانیان نیەو هەقی خۆیانە وەك هاوڵاتیەكی عێراقی سودمەندبن لەسوتەمەنی عێراق.
هاوكات لە كۆبوونەوەكەدا، داوای ئەوەكراوە نەوتی ڕەش بۆ كارگەكانی هەرێم دابینبكرێت، بەو مەرجەی چاودێری ئەوە بكرێت كە بگاتە دەست هاوڵاتیانی هەرێم.
بەوتەی غالب محەمەد، بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە كە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانەی هەرێم بە كۆمپانیای سۆمۆ، كۆتاییدێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group