پاسەوانانی بۆرییە نەوتیەكان: موچەكەمان كەمە و دامەزراندنی هەمیشەییمان دەوێت

24/06/2019

نەوا
پاسەوانانی بۆرییە نەوتییەكان لە كەركوك، بەموچەی مانگانەیان رازی نین و داوادەكەن بە هەمیشەیی دابمەزرێندرێن، ئەوەش دوای 10 ساڵ لەدەستبەكاربونیان بەشێوەی گرێبەست.
رۆژی دوشەممە 14ی حوزەیران لەبەردەم ئیدارەی كۆمپانیای نەوتی باكور لە گەڕەكی عەرەفەی شاری كەركوك، نزیكەی 100 پاسەوانی بۆرییە نەوتییەكان گردبونەوە بۆ گەیاندنی داواكارییەكانیان.
چالاك ئەحمەد، یەكێك لە پاسەوانانی ناڕازی بۆ ماڵپەری كەركوك ناو رایگەیاند: "موچەی مانگانەمان 600 هەزار دینارە، لەكاتێكدا مەترسی زۆرمان لەسەرە و چەندینجار بۆمبی چێنراومان پێدا تەقیوەتەوە، ئەو موچەیە بەشمان ناكات و 10 ساڵە زیادنەكراوە".
بەوتەی ئەو هاوڵاتییە، ئەوانەی بەشێوەی هەمیشەیی دادەمەزرێندرێن و هەمان كاری ئەوان دەكەن، موچەكەیان دەگاتە زیاد لە ملیۆنێك و 600 هەزار دینار، بەدەوامی كەمترەوە.
پاسەوانانی بۆرییە نەوتییەكان، 10 ساڵ لەمەوبەر بەشێوەی گرێبەست دەستبەكاربون و ژمارەیان نزیكەی 540 كەسە، كە ئەركی پاراستنی بۆرییە نەوتییەكان و چواردەوری كۆمپانیاكانی نەوت و گازی باكور لەئەستۆ دەگرن.
گلەییەكی تری پاسەوانانی بۆرییە نەوتییەكان، ئەو چەك و پێداویستیانەیە لە بەردەستیاندایە، كە بەپێی پێویست نیەو لەگەڵ ئەوەشدا، سەرباری بەڵێنی زۆر، بەڵام هیچیان بۆ نەكراوە، لەكاتێكدا تەواوی پێكهاتەكانی كەركوكی تێدایە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group