بۆچی لە سلێمانی نرخی هێلكە بەرزترە؟

25/06/2019 نەوا

نەوا
راوێژكارێكی كشتوكاڵی لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەڵێت "لە پارێزگای سلێمانی هیچ پڕۆژەیەكی پەلەوەری بەرهەمهێنانی هێلكە نییە و پێشتر بەتەواوەتی پشت بە هاوردەی هێلكەی توركی بەستراوە، بەو هۆیەوە بڕیاری راگرتنی هێلكە زیاتر لەسەر سلێمانی رەنگی داوەتەوە و نرخ بەرزترە بەراورد بە شارەكانی تر".
ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە قەیرانی كەمی و گرانی نرخی هێلكە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا سەری هەڵداوە، ئەوەش بەهۆی جێبەجێكردنی بڕیارێكی حكومەتی عیراقە بە قەدەغەكردنی هاوردەكردنی هێلكە لە دەروازە سنوورییەكانەوە بەپاساوی ئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی بەشی پێداویستی هاووڵاتیان دەكات.
دوای ئەو بڕیارە، نرخی هێلكە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبوەوە، بە شێوەیەك نرخی یەك كارتۆن هێلكە بۆ دوو هێندە زیاتر بەرزبوەتەوە.

نوری محەمەد ماوەیەكی زۆرە كاری كڕین و فرۆشتنی هێلكە لەناوبازاڕی شاری سلێمانیدا دەكات، ئەو بە نیگەرانییەوە باس لە قەیرانەكە دەكات و ئاماژە بەوەش دەكات ئەگەر دەستێوەردان نەبێت نرخ وەك خۆی لێدێتەوە.

نوری محەمەد وتی "پێشتر و لە مانگی رەمەزاندا یەك كارتۆن هێلكەمان بە 23 هەزار دینار دەكڕی و هەندێكجار نرخ زیادی بكردایە دەگەیشتە 26 هەزار و بە دوو هەزار دینار خێر دەمانفرۆشتەوە، بەڵام بەهۆی ئەو بڕیارەی حكومەتی عیراقەوە ئێستا نرخی یەك كارتۆن گەیشتوەتە 56 هەزار تا 62 هەزار دینار".

وتیشی "هەندێك كەس بەرژەوەندییان لە گرانبوونی نرخی هێلكەدا هەیە و لێناگەڕێن بازرگانان هێلكە لە توركیاوە هاوردە بكەن، ئەگەر دەستێوەردان نەبێت و رێگای هێنانی هێلكە بدەن ئەوكات نرخ وەك خۆی ئاسایی دەبێتەوە، هەروەها ناكرێت حكومەت بڕیارێك بدات و لە ناوخۆش توانای دابینكردنی جێگرەوەیەكی نەبێت".

ئەو كاسبكارە دەڵێت لە میانی چەند ساڵی رابردودا یەكەمجارە نرخی هێلكە بەو شێوەیە بەرزدەبێتەوە، ئەوەش بە زیان بۆسەر كاسبكاران و هاووڵاتیان دەشكێتەوە و كاریگەری لەسەر بازاڕ كردوە.

ماوەی زیاتر لە مانگێكە بە بڕیارێكی حكومەتی عیراق، هاوردەی هێلكە بۆ عیراق راگیراوە و هەرێمی كوردستانیش بەهۆی یەكخستنی پێناسی گومركییەوە پابەندی بڕیارەكەی حكومەتی عیراق بووە، ئەمەش نرخی هێلكەی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بەرزكردوەتەوە و كاریگەری بڕیارەكەش لەسەر سلێمانی زیاترە.
لەوبارەیەوە وەسفی خەلیل راوێژكاری كشتوكاڵی لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەڵێت "بڕیارەكە لە بەغداوە دەرچوە و زیاتر لە مانگێكە خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەرێمی كوردستانیش دوای ئەوەی لەگەڵ بەغدا رێككەوتن لەسەر یەكخستنی پێناسی گومركی كرا، ناچاری دەكات هەر بڕیارێك لە بەغداوە دەربچێت جێبەجێی بكات".

وەسفی خەلیل وتیشی "هەرێمی كوردستان بەرهەمی پەلەوەری خۆی هەیە و توانای دابینكردنی پێداویستی بەشی ناوخۆی هەیە، بەجۆرێك لە ساڵێكدا لە هەرێمی كوردستان توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە 850 ملیۆن هێلكەی هەیە. لەكاتێكدا پێداویستی ناوخۆی هەرێم 650 ملیۆن هێلكەیە، بەڵام بەهۆی گرێبەستی خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان لەگەڵ شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق بەشی زۆری ئەو هێلكەیە هەناردەی ئەو ناوچانە دەكرێت".

لە هەرێمی كوردستان 11 پڕۆژە بۆ بەرهەمهێنانی هێلكە هەیە، یەك پڕۆژەیان لە شاری دهۆك و ئەوانی دیكە لە شاری هەولێرن و لە سلێمانی هیچ پڕۆژەیەك نییە، بەڵام وەك بەرپرسانی وەزارەتی كشتوكاڵ ئاماژەیان پێكردووە لەو پڕۆژانە شەش پڕۆژەیان لە كاركردن وەستاون.

راوێژكارەكەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەشڵێت "ئەم قەیرانەی ئێستا زیاتر لەسەر سلێمانی رەنگی داوەتەوە، بەهۆی ئەوەی تائێستا لەم سنورە هیچ پڕۆژەیەكی پەلەوەری بەرهەمهێنانی هێلكە نەكراوەتەوە، پێشتریش بەتەواوەتی پشت بە هێلكەی سپی توركی بەستراوە، بۆیە كە بڕیاری قەدەغەكردنی هێلكە درا رەنگدانەوەی لەسەر سلێمانی زۆرتر بووە".

ئەو داوای كرد، سەرلەنوێ‌ دابەشكردنی بەرهەمی ناوخۆی هێلكە لە هەرێمی كوردستان یەكبخرێتەوە، بەو جۆرەش دەتوانرێت لە میانی سێ‌ مانگی داهاتودا دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group