داوای جێبەجێكردنی بڕیاری راگرتنی ماڵپەڕە سێكسییەكان دەكرێت

25/06/2019 عێراق

نەوا
لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندنی پەرلەمانی عیراق داوا دەكات بڕیاری راگرتنی یاریە ئەلیكترۆنیەكان و ماڵپەڕە سێكسییەكان بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و نوسراوی فەرمی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان بنێردرێت.
لەوبارەیەوە سەمیعە غەرب سەرۆكی لیژنەكە لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە باڵەخانەی پەرلەمانی عیراق وتی "بڕیاری پەرلەمان لەبارەی یاریە ئەلیكترۆنییەكان و ئەو یاریانەی بازرگانییان پێوەدەكرێت وەك پەبجی و فۆرتنایت و نەهەنگی شین و یارییەكانی دیكە، كە هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی كۆمەڵگاو ئەخلاق و پەروەردە و فێركردن، جێبەجێكردنی لەلایەن حكومەتەوە بەبێ‌ هۆ راگیراوە".
رونیشكردەوە، نازانرێت بۆ حكومەت بڕیارەكە نانێرێتە لای لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەك دەستەی راگەیاندن و پەیوەندیەكان و وەزارەتی پەیوەندیەكان بۆ جێبەجێكردنی؟ بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی دووشەممە 24-6-2019 لیژنەكە نوسراوێكی ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كردوە بۆئەوەی رێوشوێنی خێرا بگیرێتەبەر و فەرمان بە لایەنە پەیوەندیدارەكان بكات، كە بڕیارەكە جێبەجێ بكەن.
سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندنی پەرلەمانی عیراق باس لەوەدەكات، هۆكاری دەركردنی بڕیاری راگرتنی ئەو یاریانە بەهۆی ئەوەوەیە، كە كاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی و رۆشنبیری و ئاسایشی كۆمەڵگەی عیراقی هەیە بەتایبەتی منداڵان و گەنجان، چونكە هەندێك لە گەنجان دەوری كارەكتەرەكانی ناو یاریەكە لە ئەرزی واقیعدا جێبەجێ دەكەن، هەروەها داواش لە حكومەت دەكەن لەبەر پاراستنی بەرژەوەندی گشتی بڕیاری ژمارە 54ی ساڵی 2015ی پەرلەمان بۆ داخستنی ماڵپەڕە سێكسییەكان، جێبەجێ بكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group