لە دانیشتنی رۆژی پێنج شەممە وەزیری پەروەردە دیاری دەكرێت

25/06/2019 عێراق

نەوا-كاروان مەحمود 
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایدەكات، لەدانیشتنی رۆژی سێ شەممەی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاردراوە رۆژی پێنج شەممە وەزیری پەروەردەی حكومەتی عیراق لە پەرلەمان دەنگی پێبدرێت و كابینە وزاریەكەی عادل عەبدولمەهدی تەواو بكرێت.
شیروان دوبەردانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی پارتی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، لەدانیشتنی رۆژی سێ شەممە هەندێك پرۆژەی حكومەت گفتوگۆی لەسەر كراو یەكێك لە پرۆژەكانیش كە دەنگمان پێ نەدا ژمارەیەك لەو كەسانەی پێشتر خۆبەخش بوون لە ریزەكانی سوپای عیراق و بڕوانامەكانیان ساختەبوو داوایان دەكرد بكرێنە هەمیشەیی، بەڵام ئەوە رەتكرایەوەو چونكە ناكرێت كەسانێك بڕوانامە ساختە بكەن و ببنە فەرمانبەری حكومەت، تەنها رەزامەندی بۆ ئەو كەسانە درا كە شەهیدبوون و بڕوانامەی شەشی سەرەتاییان هەیە".
وتیشی: "هەندێك گفتوگۆ كرا لەبارەی دۆخی عیراق بەگشتی و دواتر دانیشتنەكە دواخرا بۆ رۆژی پێنج شەممەو سەرۆكی پەرلەمانی عیراق بڕیاردا لەو دانیشتنەدا كابینەی حكومەت تەواو بكرێت كە یەك وەزارەت ماوە ئەویش وەزارەتی پەروەردەیەو لەدانیشتنەكەدا دەنگی پێدەدرێت و كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی تەواو دەكرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group