قۆناغی هەشتی كۆپا ئەمریكا یەكلایی دەبێتەوە

25/06/2019 وەرزش

نەوا
بەرەبەیانی رۆژی سێ‌ شەممە دوو كۆتا ڕووبەڕوبونەوەی قۆناغی كۆمەڵەكانی كۆپا ئەمریكا ئەنجامدران و دوو هەڵبژاردەی تر گەیشتنیان بە قۆناغی هەشتی پاڵەوانێتیەكە مسۆگەر كرد.
لەڕووبەڕوبونەوەی سەرەكیدا هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای ڕووبەڕوی چیللی بوەوە، جەنگاوەرەكانی سیلیستی توانیان بەئەنجامی گۆڵێكی بێوەڵام سەركەوتن بەدەستبهێنن، ئەو ئەنجامەش بۆ گەیشتن بەقۆناغی هەشتی پاڵەوانێتیەكە كاریگەری لە دوو هەڵبژاردەكە نەكرد بەوپێیەی هەردووكیان سەركەوتنیان مسۆگەر كردبوو، بەڵام لەڕووی پێگەوە شینە ئاسمانیەكانی خستە پێگەی یەكەمەوە و لارۆخای چیللی دابەزاند بۆ پلەی دووەم.
لەلایەكی ترەوە هەڵبژاردەی ژاپۆن و ئیكوادۆر ڕووبەروبونەوە، هەردوو هەڵبژاردەكە سەركەوتوو بوون لەتۆماركردنی گۆڵێك، واتا یارییەكە بە یەكسانبون كۆتاییهات و ئەو ئەنجامەش خزمەتی هەڵبژاردەی پاراگوایی لەكۆمەڵەی دووەم كرد، چونكە ئەو هەڵبژاردەیە بە ئەنجامی یەكسانبونی دوو هەڵبژاردەی سێیەم و چوارەمی گروپی سێیەم و بەجیاوازی گۆڵ سەركەوتنی بۆ قۆناغی هەشت مسۆگەر دەكرد.

پاش یەكلایی بونەوەی ململانێكان، ڕووبەڕوبونەوەكانی قۆناغی هەشتی كۆپا بەمشێوەیە دەبێت:
بەرازیل – پاراگوای (1)
ڤەنزوێلا – ئەرجەنتین (2)
كۆڵۆمبیا – چیللی (3)
ئورۆگوای – پیرو (4)
قۆناغی نیوەی كۆتایی
براوەی (1) – براوەی (2)
براوەی (3) – براوەی (4)
ڕووبەڕوبونەوەكانی قۆناغی هەشت لە 28 و 29ی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group