نوێترین ئامار سەبارەت بە سووتانی بەروبوومی كشتوكاڵی لە عێراق دەخرێتەڕوو

25/06/2019 عێراق

نەوا
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی گشتی عێراق رایگەیاند: "بەپێی نوێترین ئامار، تا ئێستا 54 هەزارو 380 دۆنم زەوی كشتوكاڵی سووتاوە".
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی گشتی لە راگەیەندراوێكدا، نوێترین ئاماری لەبارەی ئەو زەوییە كشتوكاڵییانە بڵاوكردەوە كە تا ئێستا بە هۆكاری جیاجیا و نادیار سووتاون.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە هەشتی مانگی ئایاری رابردووە تا 24ی ئەم مانگە، 328 رووداوی ئاگركەوتنەوە لە ژمارەیەك پارێزگا روویداوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە كە لە ئاكامی ئەو ئاگركەوتنەوەكاندا، 54 هەزارو 380 دۆنم زەوی كشتوكاڵی سووتاوە.
ھەر لە راگەیەندراوەكە ئەوە خراوەتەڕوو كە تا ئێستا، دوو ملیۆن دۆنم زەوی لە سووتان رزگاركراوە.
لەچەند هەفتەی رابردوودا، ئاگر لە رووبەرێكی بەرفراوانی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە چەند ناوچەیەكی عێراق بە هۆكاری جیاجیا و نادیار كەوتووەتەوە كە بەهۆیەوە بەروبوومێكی زۆر سووتا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group