بەرپـرسێكی یەكێتی لە كەركوك ڕەخنەی توند لە محەمەدی حاجی مەحمود دەگرێت

25/06/2019

نەوا
جێگری بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، ڕەخنەی توندی لە محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان گرتووە و  دەڵێت ئەو یەكێك بووە لەوانەی پـێداگیری دەكرد لەوەی كەركوك تووشی ئەم كارەساتەی ئێستا بكات.
سەبارەت بە وتەكانی محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، كە بێهیوایی خۆی نیشاندا لەوەی جارێكیتر دەسەڵاتی كوردی بۆ كەركوك بگەڕێتەوە ڕەوەند مەلا مەحمود لەگفتوگۆیەكدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا، رایگەیاندووە: "كاك محەمەد یەكێك بوو لەوانەی پێداگیریكرد كەركوك توشی ئەم كێشە بكات كە ئێستا تێیداین، ئێمەی كەركوكیەكان چەند هاوارمانكرد، پێمانگوتن توشی ئەم كێشە گەورەمان مەكەن، سوپای عێراق دێت و توشی شەڕی قورس دەبین، كەچی كاك محەمەد دەیگوت، ئێمە دەوڵەت دروستدەكەین."
لەبەشێكی تری قسەكانیدا بەرپرسەكەی یەكێتی ڕەخنەی لە ئیدارەی هەرێمی كوردستان گرت بەوەی كێشەكانی خۆیان بۆ كەركوك گواستۆتەوە و توشی كارەساتی كردوون، وتیشی "ئیدارەی هەرێم دەسەڵاتی بەهێزی كوردیان لە كەركوك بەمڕۆ گەیاند، راستە دەسەڵاتمان وەكو جاران نەماوە، بەڵام نەمانهێشتووە غەدر لەكورد بكرێت و پێشمان بە پرۆسەی تەعریب گرتووە."
بەشێك لەبەرپرسانی كورد وایدەبینن كێشەی كورد لەكەركوك بەدانانی پارێزگار چارەسەر نابێت، بەڵام جێگری بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی پێیوایە دانانی پارێزگارێكی كورد بەشێكی زۆر لە كێشەكان چارەسەر دەكات، دەڵێت "ڕاستە دانانی پارێزگار دۆخی كورد ناباتەوە ئەو سەردەمەی كە پێشمەرگە لەحەمرین بوو، بەڵام بەو پۆستە دەتوانرێت پێش بەپرۆسەی تەعریب و لابردنی بەرپرسانی كورد بگیرێت، پارێزگار سەرۆكی وەحدەی ئیداریەو پۆستێكی گرنگە."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group