سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا: پارێزگاری سلێمانی 24 ملیۆن دیناری بۆ ئاودانی باخچەكان تەرخانكردوە

26/06/2019
وێنەی یەكێك لە باخچەكانی سلێمانی بەرەو ووشكبوون دەڕوات

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت "بەهۆی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمەوە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دواكەوتوە". ئاشكراشیكرد پارێزگاری سلێمانی بڕی 24 ملیۆن دیناری بۆ سەرجەم باخچەكان تەرخانكردوە.
ئازاد حەمە ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بە رادیۆ نەوای راگەیاند، سلێمانی هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەنجومەن و  پارێزگاكانی دیكە نییەو هەر بڕیارێك دەربچێت بۆ هەڵبژاردن بۆ هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەردەچێت، دواكەوتنیشی بەهۆی پێكنەهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێمە.
وتیشی "بەرنامەیەكمان داناوە، كە هەر سێ سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەنیازین سەردانی پەرلەمانی كوردستان بكەین بۆئەوەی هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ئەنجومەنی پارێزگاكان و بەسەرچونیانەوە هەیە، گفتوگۆیان لەسەر بكەین".
هەروەها ئەوەی رونكردەوە، كە لەڕووی یاساییەوە پێویستە ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەی خۆیان پێشكەشی پەرلەمان بكەن و دواتر لە پەرلەمان رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاری بكرێت، بەڵام تائێستا رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دیاری نەكراوە. 
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوەشدەدات، بەدواداچونیان كردوە بۆ حاڵەتی بێ ئاوی و وشكبونی سەوزایی نێوان دەروازەی سلێمانی و تاسڵوجە و هەروەها بلواری شەقامەكان و 500 باخچە لەناوشاری سلێمانی، كە دوای بەدواداچونەكانیان دەركەوتوە دوو بەڵێندەر ئەركی ئاودانی بلوار و سەوزایی نێوان دەروازەی سلێمانی و تاسڵوجەیان لەئەستۆگرتوە و پارێزگاری سلێمانیش بە بڕی 24 ملیۆن دینار هاوكاری سەرجەم باخچەكان دەكات، كە رۆژانە 2 ملیۆن دینار تەرخانكراوە تا بودجەی تایبەتی بۆ سەرف دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group