سلێمانی.. پێشنیاری بەكارهێنانی ئاردی بۆر لەبری ئاردی سپی دەكرێت

26/06/2019

نەوا
قائیمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لەبەر زیانە زۆرەكەی بۆ سەر تەندروستی هاوڵاتیان لەشاری سلێمانی پێشنیار دەكرێت ئاردی سپی و سۆدە لە دروستكردنی ناندا بەكارنەهێندرێت، قائیمقامی سلێمانیش دەڵێت: لە هەوڵی ئەوەدان لەبری "ئاردی سپی ئاردی بۆر" بۆ دروستكردنی نان بەكاربهێندرێت و بەكارهێنانی سۆدەش لەبەر زیانە زۆرەكەی قەدەغەكراوە.
قائیمقامیەتی سلێمانی ڕاگەیەندراویكی بڵاوكردووەتەوەو تێیدا ئاماژە بۆ ئەوەدەكات "رۆژی چوارشەممە 26-6-2019 ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی بە ئامادەبونی لایەنە پەیوەندیدارەكان لەگەڵ نوێنەری نانەواخانەو سەمونخانەكانی سلێمانیدا كۆبوەوەو پێشنیاری بەكارهێنانی ئاردی بۆری لەبری ئاردی سپی و قەدەغەكردنی سۆدە لە دروستكردنی ناندا تاوتوێكرا".
دەشڵێت، "لە كۆبوونەوەكەدا لەرووی زانستیەوە ئەوە روونكرایەوە بەكارهێنانی "ئاردی سپی" زیان بەتەندروستی هاوڵاتیان دەگەیەنێت و بەكارهێنانی "ئاردی بۆر" لەرووی تەندروستیەوە گونجاوەو هیچ زیانێكی تەندروستی نیە، هەروەها بەكارهێنانی سۆدە لەبەر زیانە زۆرەكەی لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان قەدەغەكراوە".
هاوكات، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: ئەوەی بەدیدەكرێت لەشاری سلێمانی خواست لەسەر "نانی سپی" زیاترە وەك لە "نانی بۆر" بەڵام لەرووی تەندروستیەوە دەركەوتوە كە نانی بۆر گونجاوترە بۆ خواردن.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لەكۆبونەوەكەدا پێشنیاركرا بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عێراق لەرێگەی ئاشەكانەوە گونجاوترین جۆری ئارد بەرهەمبهێندرێت و لە بازاڕەكاندا بەنرخێكی گونجاو بۆ نانەواخانەو سەمونخانەكان دابینبكرێت, تاكو نانێكی تەندروست بەنرخێكی گونجاو بگات بەدەستی هاوڵاتیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group