جلوبەرگەكانی ژێرەوەی كارداشیان كێشەیەكی گەورەی ناوەتەوە

02/07/2019 هەمەڕەنگ
كیم كارداشیان لە كاتی نمایشكردنی كیمۆنۆ

نەوا
وەزیری بازرگانی ژاپۆن رایگەیاند، حكومەتی وڵاتەكەی چەند پسپۆڕێكی بواری مافی خاوەندارێتی بیرۆكە رەوانەی ئەمریكا دەكات تا لە براندی "كیمۆنۆ"ی كیم كارداشیان بكۆڵنەوە، كە تایبەتە بە جلوبەرگی ژێرەوە.
ژاپۆنییەكان بە جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان دەڵێن "كیمۆنۆ" و پێیانوایە ئەو كارەی كارداشیان كردویەتی سوكایەتییە بەو جلوبەرگە نەتەوەییەی ئەوان و قبوڵی ناكەن.
لە بەرانبەر ئەو ناڕەزایەتییە بەرفراوانە، كارداشیان رۆژی دووشەممە رایگەیاند، كە ناوی ئەو براندەی لەبەر ژاپۆنییەكان دەگۆڕێت.
هەرچەندە ژاپۆنییەكان ئاگاداری بڕیارەكەی كیم كارداشیانن، بەڵام هیروشیجی سیكۆ وەزیری بازرگانی ژاپۆن دەڵێت "دەمەوێت بەوردی لە بابەتەكە بكۆڵمەوە".
هەروەها وتی "بابەتەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بۆتە پرسێكی گەورە..كیمۆنۆ لەسەر ئاستی جیهان براندێكی دیاری نێو كلتورمانە..تەنانەت لە ئەمریكاش دەزانن كە كیمۆنۆ ژاپۆنییە".
وشەی كیمۆنۆ بە ژاپۆنی واتە "ئەو شتانەی لەبەردەكرێن" و لە بۆنە فەرمییەكانی وەك ئاهەنگی هاوسەرگیری و پرسە بەكاردەهێنرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group