بەرازیل و مەكسیك و ئەمریكا لە یەك رۆژدا بونە پاڵەوان

08/07/2019 وەرزش

نەوا
لە سێ پاڵەوانێتی جیاوازدا، دوێنێ و بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەرازیل و مەكسیك و ئەمریكا بونە پاڵەوانی جیهانی تۆپی پێی پیاوان و خانمان.
لە كۆپا ئەمریكادا، هەڵبژاردەی بەرازیلی خاوەن یاریگا توانی یاری كۆتایی بە سێ گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێك لە پیرۆ بباتەوە و هەرسێ گۆڵەكەش لەلایەن "ئیڤەرتۆن، گابرێل خیسۆس و ریشارلیسۆن" لە خولەكەكانی 15 و 48 و 90دا تۆماركران، تاكە گۆڵەكەی پیرۆش لەلایەن پاولۆ گیریرۆ لە خولەكی 44 بە لێدانی سزا تۆماركرا.
ماوەی 12 ساڵ بەرازیل لە نازناوی كۆپا ئەمریكا بێبەش بو، دوێنێ شەویش بۆ نۆیەم جار نازناوەكەی بەدەستهێنا.


لەلایەكی دیكەوە هەڵبژاردەی تۆپی پێی مەكسیك توانی یاری كۆتایی جامی زێڕین بباتەوە و بە گۆڵێكی بێوەڵام یاری كۆتایی لە ئەمریكا بردەوە.
پاڵەوانێتی جامی زێڕین تایبەتە بەو هەڵبژاردانەی لەچوارچێوەی یەكێتی تۆپی پێی كۆنكاكافدان (ئەمریكای باكور، ناوەند و كاریبی) و هەڵبژاردەی مەكسیكیش هەشتەم جارە ئەو نازناوە بەدەستدەهێنێت.


لە یاری كۆتایی جامی جیهانی تۆپی پێی خانمانیش لە فەرەنسا، هەڵبژاردەی ئەمریكا بە 2 گۆڵی بێوەڵام بەسەر هەڵبژاردەی هۆڵەندا سەركەوت و بۆ چوارەمجار توانی ئەو نازناوە بباتەوە.
گەرچی هەڵبژاردەی ئەمریكا لە سەرجەم یاریەكانی پێشوویدا توانیبووی لە 12 خولەكی یەكەمدا گۆڵ تۆماربكات، بەڵام لە یاری كۆتاییدا بەهۆی لێهاتوویی ساری ڤان ڤینەداڵی گۆڵپارێزی هۆڵەندا تا خولەكی 61 نەیتوانی تامی گۆڵ بكات.
لە خولەكی 61 و بە لێدانی سزا میگان ریپینۆی كاپتنی ئەمریكا یەكەم گۆڵی تۆماركرد، بەمەش ژمارەی گۆڵەكانی خۆی یەكسان كرد بە ئالێكس مۆرگانی هاونیشتمانی، كە بە شەش گۆڵ زۆرترین گۆڵی لە جامی جیهانی ژناندا تۆماركردبوو.
هەشت خولەك دواتر رۆز لاول یاریزانی هەڵبژاردەی ئەمریكا دووەم گۆڵی تۆماركرد، بەمەش هیوای هۆڵەندیەكانی بەیەكجاری روخاند و یاریەكە بەو ئەنجامە كۆتاییهات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group