نەیمار بۆ سەرۆكی پاریس سان جێرمان: ناگەڕێمەوە

09/07/2019 وەرزش

نەوا
نەیمار داسیلڤای هێرشبەری بەرازیلی سەرۆك و ئیدارەی یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی ئاگاداركردوەتەوە، كە ناگەڕێتەوە ریزی یانەكە.
بەگوێرەی میدیای بەرازیل، نەیمار پەیوەندی بە ناسڕ خلێفی سەرۆكی یانە و لیوناردۆی بەڕێوەبەری وەرزشی پاریس سان جێرمانەوە كردوە و پێیڕاگەیاندون، كە دەیەوێت بڕوات و ناگەڕێتەوە بۆ پاریس.
دوێنێ (دووشەممە) دەبوایە نەیمار پەیوەندی بە یەكەم مەشقی یانەكەیەوە بكردایە وەك ئەوەی دیاریكرابو، بەڵام بێ هیچ مۆڵەتێك نەچوەتەوە بەلای تیمەكەیدا و ئەوەش وایكرد، كە یانە پاریسییەكە بەیاننامەیەك دەربكات و جەختیكردەوە رێوشوێنی پێویست دژی نەیمار دەگرێتەبەر.
لەوەڵامدا باوكی نەیمار رایگەیاند، بەهۆی بابەتێكی پەیوەندیدار بە ئەكادیمییەكەیەوە، كوڕەكەی تا رۆژی 15ی تەمموز لە بەرازیل دەمێنێتەوە و ئیدارەی یانەی پاریس سان جێرمانیش ئەوە دەزانێت.
لەم نێوەندەدا لیوناردۆی بەڕێوەبەری وەرزشی یانە پاریسییەكە رایگەیاندوە، كە بە كردەوە بەرشەلۆنە دانوستانی بۆ بەدەستهێنانی نەیمار دەستپێكردوە و رەنگە لەم هاوینەدا بگەڕێتەوە بۆ ریزی یانە كەتەلۆنییەكە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group