ناوبژیوانی یاری بەڕازیل و ئەرجەنتین وەڵامی میسی دەداتەوە

پێش 1 هەفتە وەرزش

نەوا
رۆدی زامبرانۆ ناوبژیوانی ئیكوادۆری، كە یاری نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و بەڕازیلی بەڕێوەبرد لە پاڵەوانێتی كۆپا ئەمریكا وەڵامی لیۆنێل میسی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەداتەوە، كە تۆمەتباری كردبوو بە لایەنگیری بەرازیل و دەڵێت "هیچ كێشەیەكم لەگەڵیدا نەبوو، لێدوانەكەی سەیر بوو بەلامەوە".
زامبرانۆ بە رادیۆی Super – K – 800ی وڵاتەكەی وتوە "سەبارەت بەوەی گوایە لێدانی سزام بۆ سێرجیۆ ئەگوێرۆ هەژمار نەكردووە، ئەگوێرۆ هەڵەی ئەنجامدا و بۆ بەرازیل بوو بە هێرشی هەڵگەڕاوە و منیش دەرفەتم داو گۆڵ تۆماركرا".
باسی لەوەشكردوە، سەبارەت بە هەژماركردنی لێدانی سزا بۆ ئۆتامێندی، 18 یاریزان لەناو هێڵی سزادا بوون سەیری ڤارمان كردەوە نەمانتوانی ساتی بەركەوتن ببینین تەنها ئەوەمان بینی كە ئەو یاریزانە دەكەوێت.
سەبارەت بەلێدوانەكانی میسی-یش كە وتبوی دادوەر دوو لێدانی سزای بۆ هەژمار نەكردون و تۆمەتی لایەنگیریكردنی خستبوە پاڵ ناوبژیوانەكە، رۆدی زامبرانۆ وتی "میسی یاریزانێكە یەكلاكراوەتەوە بۆ تۆپی پێ‌ و هیچ كێشەیەكم لەگەڵیدا نەبووە، لەراستیدا لێدوانەكانی سەیر بوو بەلامەوە سەبارەت بەیارییەكە".
ئەو ناوبژیوانە رەتیشیكردوەتەوە لەناو یاریگادا پەیوەندی لەگەڵ ناوبژیوانەكانی ڤاردا نەمابێت و دەڵێت "پەیوەندیم لەگەڵیاندا نەپچڕا، نازانم چۆن دەتوانن شتێكی وا دروستبكەن، هەموو شتێك لەیاریگادا تۆمار دەكرێت و یارییەكە بەباشی كۆتاییهات، لەلایەن یەكێتی تۆپی پێی ئەمریكای باشورەوە دەستخۆشیم لێكرا بۆ بەڕێوەبردنی یارییەكە". هەروەك تەئكیدیكردەوە ئامانجی گەیشتنە بە جامی جیهانی و كار بۆ ئەوە دەكات.
لەیارییەكانی نیوەی كۆتایی پاڵەوانێتی كۆپا ئەمریكادا هەڵبژاردەی بەڕازیل لەیاریگای خۆیدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی بردەوەو ئەوەش بووەجێی نیگەرانی یاریزانانی تانگۆ و رەخنەكانیان ئاراستەی ناوبژیوانانی یارییەكە و یەكێتی تۆپی پێی ئەمریكای باشوریش كرد.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group