مانگ گیرانی نیمچەیی لە ئاسمانی هەرێمی كوردستاندا روودەدات

16/07/2019

نەوا
بەرێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، مانگ گیرانێكی نیمچەیی (Partial Lunar Eclipse) لە ئاسمانی هەرێمی كوردستاندا دەبینرێ و جگە لە هەرێمی كوردستان، ئەم مانگ گیرانە لە هەریەكە لە وڵاتانی "ئەوروپا، ئەفریقا، ئاسیای ناوەڕاست و زەریای هیندی"یشدا دەبینرێ.
ئەوەش راگەیەندراوە، شەوی سێشەممە كاتژمێر 9:45 ی شەو بەكاتی هەولێر، مانگ گیران دەستپێدەكات و ئەوكاتە مانگ دەچێتە ناوچەی نیمچە سێبەری زەوی (Penumbra) كە ئەستەمە بەچاوی ئاسایی هەستی پێبكرێت، بەڵام لە رێگەی وێنەگرتنی فەلەكی دەردەكەوێت، هەروەها كاتژمێر 11:01ی شەو، مانگ گیرانی نیمچەیی دەستپێدەكات و مانگ دەچێتە نێو ناوچەی سێبەری تاریكی زەوی (Umbra) و ئەوكاتە بەچاوی ئاسایی هەستی پێدەكرێت.
بەرێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان باسی لەوەشكردووە، رۆژی چوارشەمە17ی تەمووز كاتژمێر 12:30ی شەو، مانگ گیرانی نیمچەیی دەگات بە بەرزترین ئاست و نزیكەی 74%ی دیسكی رووناكی مانگ تاریك دەبێت و كاتژمێر 1:59 ی بەیانی كۆتایی قۆناغی مانگ گیرانی نیمچەیییە كەماوەكەی بەتەواوی 2 كاتژمێر و 58 خولەك دەخایەنێت.
راشگەیەنراوە، كاتژمێر 3:17 بەیانی كۆتایی قۆناغی مانگ گیرانی نیمچەسێبەر و كۆتایی مانگ گیران بەتەواوی دەبێت.
كاتی گشتیی دیاردەی مانگ گیران بە هەرسێ قۆناغ 5 كاتژمێر و 33 خولەك و 16 چركە دەخایەنێت، قۆناغی مانگ گیرانی نیمچەسێبەر بە چاوی ئاسایی هەستی پێناكرێت و دووریی نێوان مانگ و زەوی لە ئەمشەودا دەگاتە 398 هەزارو 571 كیلۆمەتر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group