ئەنقەرە... گەڕان بەدوای نەوتدا بەردەوامە

16/07/2019 جیهان
مەولود چاووش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا

نەوا
مەولود چاووش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند،"هەربڕیارێك لەدژی ئەنقەرە بدرێت، ئەوا لەبەرامبەردا زیاتر سووردەبین لەسەر ئەنجامدانی هەڵكۆڵین و گەڕان بەدوای نەوت لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست".
ئەو قسانەی مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا لەمیانەی ئەنجامدانی پرێس كۆنفڕانسێكدا هات لە سكۆبیای پایتەختی مەكدۆنیا، كە كەناڵی سی ئێن ئێن تورك پەخشیكرد، وەزیری دەرەوەی توركیا جەختیكردەوە، "وڵاتەكەی كەشتی چوارەم رەوانەی ئاوەكانی نزیك قوبرس دەكات بەمەبەستی دۆزینەوەی نەوت لەو ناوچەیە، وتیشی" بەهەموو توانایانەوە هەوڵەكانیان چڕدەكەنەوە بۆ ئەومەبەستە".
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئاماژەی بەوەدا، كەوا بڕیارەكانی یەكێتی ئەوروپا، بە سەپاندنی سزا بەسەر حكومەتی ئەنقەرەدا لەبەرامبەر هەڵكەندن و گەڕانی توركیا بۆ نەوت و گازی سروشتی، بەهیچ شێوەیەك كاریگەری نابێت لەهەوڵەكانی ئەنقەرە، بەڵكو بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی گەڕان و هەڵكەندنەكانیان بۆ دۆزینەوەی وزەی سروشتی.
لایخۆیەوە یەكێتی ئەوروپا سەرجەم پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەنقەرە، سەبارەت بە گواستنەوەی ئاسمانی هەڵپەسارد و بڕیاریاندا ئەنجامدانی كۆبوونەوەی هاوبەشی لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ توركیا لەمكاتەدا هەڵپەسێرن و بەهیچ شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ ئەو وڵاتە نەكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group