لە هەڵەبجەوە داوا دەكرێت عیراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی

17/07/2019

نەوا
بەبۆنەی رۆژی جیهانیی دادپەروەرییەوە، لە هەڵەبجە گردبونەوەی پشتیوانی بۆ یادی دامەزراندنی 21 ساڵەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەڕێوەچو.
لە گردبونەوەكەدا، كە ژمارەیەك چالاكوانی هەڵەبجە رێكیانخستبو، یاداشتێكیان خوێندرایەوە و ئاماژە بەوەكرا، لەوەتەی ئەو دادگایە دەستبەكاربوە بەهەموو كەموكورتیەكان و ئەو رەخنانەی لێی گیراوە، بەڵام بۆتە بەربەستێك تا رادەیەكی هەستپێكراو لەبەردەم ئەنجامدانی تاوانە زەقەكان و تا رادەیەكیش كەمكردنەوەیان، بەداخەوە تائێستا هیچ یەكێك لە عیراق و وڵاتانی ناوچەكە لە ریزی ئەو وڵاتانەدا نین كە پابەندبونی خۆیان بە دادپەروەری راگەیاندبێت، ترسی ئەوان لە ئەندامبونی دادگاكە سزادانیانە لەسەر ئەو تاوانانەی دژی كەمە نەتەوایەتییەكان ئەنجامی دەدەن، بۆیە بە ئەندامنەبونی ئەو وڵاتانە مانای ئەوەیە لەهەر كات و ساتێكدا ئامادەن تاوانی گەورە و دوبارە ئەنجام بدەنەوە.
راشگەیەندرا، زیاتر لە 14 ساڵە كار بۆ بەئەندامبونی عیراق لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەكەن و هیچ بیانویەك نییە لەبەردەم ئەوەی عیراق نەبێتە ئەندام جگە لە نیازخراپی بۆ ئەنجامدانی تاوان نەبێت، هاوكات هیچ بەهانەیەك نییە بۆ دەسەڵاتی كوردستان كە كاری جدی نەكەن بۆ فشار خستنەسەر حكومەتی عیراق بۆ بەئەندامبون لەو دادگایەدا. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group