پۆلیسی سلێمانی دەستگركردنی چوار تۆمەتبار رادەگەیەنێت

18/07/2019

نەوا
پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، هێزەكانی پۆلیس چوار تۆمەتباریان دەستگیركردووە كە هەوڵیانداوە دوو ئۆتۆمبێل لەشاری بەسرەوە بۆ شاری سلێمانی بهێنن بەمەبەستی ساغكردنەوەی بە ژمارەی ساختەوە.
راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، دوایئەوەی هێزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی زانیارییان پێگەیشت لەبارەی هێنانی دوو ئۆتۆمبێل لەشاری بەسرەوە بۆ شاری سلێمانی بەمەبەستی ساغكردنەوەی، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردوو توانییان چوار تۆمەتبار دەستگیربكەن.
باس لەوەشكراوە، تۆمەتباران هەستاون بە هێنانی دوو ئۆتۆمبێلی جۆری "جی ئێم سی ، شۆفرلێت" لەشاری بەسرەوە بۆ شاری سلێمانی بە مەبەستی ساغكردنەوەی، ئەو دوو ئۆتۆمبێلە لەسەرەتادا هیچ ژمارەیەكی نەبووە و تۆمەتباران هەستاون بە لێدانی ژمارەی (اربیل ) بۆ ئەوەی لەشاری سلێمانی ساغی بكەنەوە.
پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاندووە، لەئێستادا هەریەكە لە تۆمەتباران (أ. ع. ح ،   ع. ع. ح ، ع. ك. ل  وە   ر. م. خ) بە فەرمانی دادوەر راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group