جامی نەتەوەكانی ئەفریقیا بە ژمارە

20/07/2019 وەرزش

نەوا
دوای ئەوەی لە یاریی كۆتایی جامی نەتەوەكانی ئەفریقیا 2019دا كە میسر میوانداریی دەكرد، بە گۆڵێكی بێ بەرانبەر لە هەڵبژاردەی سینیگالی بردەوە، هەڵبژاردەی جەزائیر دوای 29 ساڵ بووە پاڵەوان. 
لە یاریی كۆتایی جامی نەتەوەكانی ئەفریقیادا، كە ئەمساڵ بۆ جاری 32ەمین سازكرا و پاڵەوان چوار ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری دەبردەوە، هەردوو هەڵبژاردەی جەزائیر و سینیگال لە یاریگای نێودەوڵەتیی قاهیرە لە پایتەختی میسر، روبەڕوی یەكتر بونەوە.
لە خولەكی 2ی یارییەكەدا یاریزانی بەغداد بونەجاح جەزائیریی، گۆڵێكی بۆ هەڵبژاردەكەی تۆماركرد و بەو شێوەیەش هەڵبژاردەی جەزائیر بەو گۆڵە بێوەڵامە كەوتە پێش سینیگالەوە و بە پارێزگارییكردن لەو ئەنجامەش بۆ جاری دووەم لە مێژوودا بووە پاڵەوانی جامی نەتەوەكانی ئەفریقیا.
جەزائیر دوای 29 ساڵ توانی جامەكە بەرێتەوە ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 1990دا سەركەوتوو بوو لەوەی بۆ جاری دووەم لە پاڵەوانێتییەكەدا بگاتە یاریی كۆتایی و ببێتە خاوەنی جامەكە.
هاوكات سینیگال، كە تەنها یەك جار و ئەویش لە ساڵی 2002دا گەیشتوەتە یاریی كۆتایی و ئەو یارییەشی بە هەڵبژاردەی كامیرۆن دۆڕاندووە، ئەمجارەش سەركەوتوو نەبوو لەوەی ببێتە پاڵەوان.
ئۆدیۆن ئیگالۆ یاریزانی هێرشبەری هەڵبژاردەی نێجیریا و یانەی شانگەهای شێنخوای چینی، كە هەڵبژاردەكەی توانی بە ئەنجامی گۆڵێكی بێوەڵام لە هەڵبژاردەی تونس بباتەوە، بە پێنج گۆڵ بووە گۆڵكاری پاڵەوانێتییەكە.
هەروەها یاریزانی لاوی جەزائیری ئیسماعیل بن ناسڕیش بوە باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەكە و پێشبینیش دەكرێت لەم هاوینەدا پەیوەندی بە یانەی ئیمپۆلی ئیتاڵییەوە بكات.
لەلایەكی دیكەوە رایس مبولحی گۆڵپارێزی جەزائیریش بوە خاوەنی خەڵاتی باشترین یاریزانی یاریی كۆتایی پاڵەوانێتییەكە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group