میسی بۆ بەرشەلۆنە: بەبێ‌ نەیمار بۆندەكەم نوێ‌ ناكەمەوە

20/07/2019 وەرزش

نەوا
لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی داوا لە یانەكەی دەكات هەموو هەوڵێك بدەن بۆ گواستنەوەی نەیمار داسیلڤای بەڕازیلی لەیانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسیەوە و بەئیدارەی یانەكەشی وتوە "ئەگەر نەیمار نەگەڕێننەوە، بۆندەكەم نوێ‌ ناكەمەوە".
گراهام هانتەر رۆژنامەوانی دیاری وەرزشی لەبەرنامەی وەرزشیی تۆڕی "سكای نیوز"دا ئاماژەی بەوەداوە، میسی هەڵمەتی گەڕانەوەی نەیمار بۆ شەرلۆنە بەڕێوەدەبات.
باسی لەوەشكردوە، ئەستێرە ئەرجەنتینییەكە بەئیدارەی یانەكەی وتوە "ئەگەر دەتانەوێت بۆندەكەم نوێبكەنەوە، ئەوە هەوڵی گەڕانەوەی نەیمار بدەن".
بەپێی قسەكانی ئەو رۆژنامەنوسە، میسی رۆڵی سەرەكی دەبینێت لەگواستنەوەی نەیماردا و جۆسێپ بارتۆمیۆی سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنەش هەموو هەوڵێك دەدات بۆئەوەی بۆندی میسی نوێبكاتەوە پێش وازهێنانی لەپۆستەكەی.
پێشتریش ماڵپەڕی "بلیچەر ریپۆرت" بڵاویكردبوەوە، كە لیۆنێل میسی ئارەزووی خۆی ئاشكراكردوە بۆ گەڕانەوەی نەیمار و داوای لە یانەكەی كردوە دوبارە هەوڵبدەنەوە.
میسی و نەیمار ماوەی 4 وەرز و لەساڵانی 2013 بۆ 2017 لەیانەی بەرشەلۆنە پێكەوە یارییان كردوە و دواتر ئەستێرە بەڕازیلییەكە بە بۆندێكی 222 ملیۆن یورۆیی، كە گرانترین بۆندی مێژوە، رویكردە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group