"پێشكەوتنی باش بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان هەیە"

20/07/2019 عێراق
ناسر هەركی، پەرلەمانتاری پارتی و بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەری عێراق

نەوا
بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هەرێم و بەغدا بەردەوامن لە گفتوگۆكردن لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پێشكەوتنی زۆر باشیش لە گفتوگۆكاندا هەیە.
ناسر هەركی، پەرلەمانتاری پارتی و بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەری عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەكەی راگەیاندووە، لیژنەی هاوبەشی هەرێم و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە گفتوگۆكانی و پێشكەوتنی زۆر باشیش هەیە، لە ئێستاشدا تەنها لەسەر ئەوە ماوە رێككەوتن بكرێت، كە رێژەی بەشداریكردنی هێز لەو ناوچانە چۆن بێت  و هەر یەكەو پێشنیازێكی هەیە و كوردیش داوای كردووە زۆرینە بێت، چونكە كورد لەو ناوچانە زۆرینەیە".
وتیشی: "بۆ دیاریكردنی پارێزگارێكی تازە، پارتی و یەكێتی لیژنەیەكیان پێكهێناوە و لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەكەن بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگاریش وەرگرنەوە و لە لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووكیش باس كراوە، كە ئەو پۆستە پشكی كوردە و پێویستە وەریبگرنەوە".
ناسر هەركی راشیگەیاند، هەر كاتێك رێككەوتن كرا، ئەو هێزە تازانەی رێككەوتنی لەسەر دەكرێت، لەو ناوچانە جێگیر دەكرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group