زیاتر لە 5 هەزار واژوو بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140و گەڕانەوەی پێشمەرگە كۆكراوەتەوە

20/07/2019
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقی

نەوا-كاروان مەحمود
بەرپرسێكی پارتی لە خانەقین دەڵێت: "لەلایەن كەسانی خۆبەخشی خانەقینەوە زیاتر لە 5 هەزار واژوو بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوری عیراق و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە كۆكراوەتەوەو هەڵمەتەكەش بەردەوامەو دواتر واژووەكان دەدرێتە نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی، هەردوو پەرلەمانی عیراق و كوردستان، حكومەتی هەرێم و بەغدا و سەرۆك كۆماری عیراق".
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین بە رادیۆ نەوای راگەیاند، لیژنەیەی كۆكردنەوەی واژوو بەمەبەستی كاركردن لەسەر جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوری عیراق و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەكە كە لەخەڵكی خۆبەخشی خانەقین پێكهاتووە بەردەوامە لەكارەكانی، ئەوەی بەهۆی نەمانی ئارامی و ئاسایش لە قەزاكەو گوندەكانی ئەو ناوچانە چونكە ئەوەی بە پێشمەرگە دەكرا بەم حەشدو جاش و جەیشە ناكرێت، ئەو هێزانەی ئێستا وەك پێویست شارەزای ناوچەكە نین و هاووڵاتیان بەردەوام لە مەترسیدان.
وتیشی: "لە رۆژانی رابردوو فەرماندەی هێزەكانی دیالە هاتە خانەقین و ئەو لیژنەی لەهەوڵی كۆكردنەوەی واژوون هاتن سەردانی بكەن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی خانەقین بەڵام پێشوازی لەو لیژنەیە نەكردو دواتر پەشیمان بووەتەوەو خۆی چووتە سەردانیان بەڵام ئەوان نیگەرانییان دەربڕیوە لەوەی كە ئەوان نوێنەری خەڵكن و پێشوازییان لێنەكراوە، بۆیە ئەوانیش ئامادە نەبوون گفتوگۆی لەگەڵ بكەن".
راشیگەیاند، "ئەوەندەی ئاگاداربین زیاتر لە 5 هەزار واژوو كۆكراوەتەوەو خەڵكیش بەردەوامە لە بەدەنگەوە چوون و واژووكردن و بۆ ئەوەش تا رۆژی 5 شەممە ئەو خێمەی هەڵدرابوو لەلایەن لیژنەكەوە هەڵگیرا لەترسی تەقینەوەو ئێستا لە هۆڵی سەلامی قەزاكەو لە ناوبازاڕ واژوو كۆكردنەوە بەردەوامە تاوەكو چارەسەری ئەو دۆخە بكرێت لە ناوچەكە". 
سەبارەت بە پشتیوانی لایەنە كوردستانیەكان بۆ هەڵمەتەكەو و ئەو شوێنەی واژووەكانی ئاڕاستە دەكرێت، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین بۆ رادیۆ نەوا وتی: "پێش 16ی ئۆكتۆبەری 2017 هەموو عەشائیری عەرەبی ناوچەكە 4 بۆ 5 هەزار واژوویان كۆكردەوەو رادەستی نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی، پەرلەمانی عیراق و پەرلەمانی كوردستان، هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا، دوای ئەوەش ئەنجومەنی قەزای خانەقین هەمان داواكاری بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوری عیراق بەرزكردەوە، ئێستاش ئەم لیژنە خۆبەخشەی خەڵكی خانەقین هەمان ئامانجی هەیەو هەموو لایەنە كوردستانییەكان پشتیوانیان دەكەن بەئێمەشەوەو زۆربەی ئەندامانی لیژنەكەش كەسانی حزبین بەڵام بەخۆبەخش ئەوكارە دەكەن".
راشیگەیاند، دواتر واژووەكان دەدرێتە نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی، پەرلەمانی عیراق و پەرلەمانی كوردستان، هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا و سەرۆك كۆماری عیراق.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group