قه‌ده‌غه‌كردنى هاورده‌ى هێلكه‌ چ زیانێكى له‌ توركیا داوه‌؟

21/07/2019

نه‌وا
رۆژنامه‌ى زه‌مانى توركى بڵاویكرده‌وه‌، بڕیارى قه‌ده‌غه‌كردنى هاورده‌ى هێلكه‌ى توركى له‌لایه‌ن حكومه‌تى عیراقییه‌وه‌ زیانێكى زۆرى له‌خاوه‌ن كێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌كانى توركیا داوه‌ و 18 ملیۆن مریشك سه‌ربڕدراون و خراپبون، هه‌روه‌ها 8 وه‌به‌رهێنه‌ریش ئیفلاسیان كردوه‌.
زه‌مانى توركى له‌راپۆرتێكدا بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، له‌مانگى ئایاره‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى عیراق بڕیارى قه‌ده‌غه‌كردنى هاورده‌ى هێلكه‌ى توركییان ده‌ركردوه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌شه‌وه‌ خستنه‌ بازاڕه‌كانى ناوخۆوه‌ زیادبوه‌ و بوه‌ته‌هۆى ئه‌وه‌ى نرخى هێلكه‌ به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو دابه‌زێت، ئه‌و كاره‌ دڵخۆشى له‌ناو هاووڵاتیاندا دروستكردوه‌، به‌ڵام بوه‌ته‌هۆى بێزاربونی وه‌به‌رهێنه‌ران.
رونیشكراوه‌ته‌وه‌، به‌هۆى ئه‌و قه‌ده‌غه‌كردنه‌وه‌ 8 وه‌به‌رهێنه‌ر ئیفلاسیان كردوه‌ و ناچاربون 17 ملیۆن مریشك سه‌رببڕن، هه‌روه‌ها له‌ 20 رۆژى رابردودا یه‌ك ملیۆن مریشكى دیكه‌ له‌ناو كارگه‌كانى سه‌ربڕیندا خراپبون.
لاى خۆیه‌وه‌ سافاش دۆغان یه‌كێك له‌وه‌به‌رهێنه‌رانى هێلكه‌ به‌رۆژنامه‌كه‌ى وتوه‌، به‌هۆى بڕیارى قه‌ده‌غه‌كردنى هه‌نارده‌ی هێلكه‌ بۆ عیراق، ته‌نگژه‌یه‌ك دروستبوه‌ و خراپبونى مریشكه‌كانی لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ كارگه‌كانى سه‌ربڕینى مریشك پڕبون و فریاناكه‌ون.
وتوشیه‌تی "به‌هۆى نه‌توانینی دابینكردنی دانه‌وێڵه‌ مریشكه‌كان سه‌رده‌بڕین. هه‌روه‌ك ته‌به‌قێك هێلكه‌، كه‌ وه‌به‌رهێنانى 12 لیره‌ى توركی تێده‌چێت، به‌ ناچاری به‌ 6 لیره‌ ده‌فرۆشرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ش به‌رده‌وام بێت ئه‌وا تا 6 مانگى دیكه‌ هێلكه‌ نامێنێت و بازاڕى هێلكه‌ش به‌ئاسانى خۆى ناگرێته‌وه‌".
پێشتریش كۆمه‌ڵگه‌ى كێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌كانى عیراق رایگه‌یاندبو، به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ ناوخۆییه‌كان ده‌توانن پێداویستى ناوخۆ پڕبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام حكومه‌تى توركیا پێیوایه‌ به‌رهه‌مهێنه‌رانى عیراق ده‌توانن ته‌نها 30%ی پێداویستى ناوخۆ پڕبكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش بوه‌ته‌هۆى به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى هێلكه‌ له‌ عیراقدا.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group