تائێستا سەرۆكایەتی هەرێم درێژكردنی وادەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەند نەكردووە

21/07/2019
ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

نەوا-كاروان مەحمود 
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، تائێستا لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمەوە بە نوسراوی فەرمی ئاگادار نەكراوین لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەكان و لەداهاتووش ئەگەر وەڵاممان نەدرێتەوە ئێمە رەزامەندی لە پەرلەمان وەردەگرین، چونكە بەپێی یاسا تا 15 رۆژ سەرۆكایەتی هەرێم وەڵاممان نەداوەتەوە یاساكە بە پەسەندكراو هەژمار دەكرێت.
ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، دوای ئەوەی لە 2ی تەمموزی 2019 سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگاكان سەردانی پەرلەمانی كوردستانمان كرد بۆ بڕیاردان لەسەر كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان، پەرلەمانی كوردستان رۆژی دواتر ئەو پرسەی لە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكانی داناو دواتر یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان هەموار كرایەوەو وادەی كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان تاوەكو كاتی هەڵبژاردن درێژكرایەوە، ئەوەشی وت: "هەر یاسایەك لە پەرلەمانەوە دەرچێت یاخود هەر مادەیەك هەموار بكرێتەوە دواتر رەوانەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكرێت تاوەكو لەماوەی 15 رۆژدا بڕیار لەبارەی پەسەندكردنی بدرێت، ئەگەر تێبینییەك هەبێت ئەوا رەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێتەوە، ئەگەر لەماوەی 15 رۆژدا سەرۆكایەتی هەرێم وەڵامیش نەداتەوە یاساكە بە پەسەندكراو هەژمار دەكرێت".
راشیگەیاند، "تائێستا بەنوسراوی فەرمی ئاگادار نەكراوین لەوەی سەرۆكایەتی هەرێم یاسای درێژكردنەوەی وادەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی تاوەكو هەڵبژاردنی داهاتوو پەسەندكردبێت، بەڵام وەكو ئەنجومەنی پارێزگاكان خۆمان ئامادەكردووە بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكان، هەركات بە نوسراوی فەرمی ئاگادار كراینەوە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكان دیاری دەكرێت و دەست بەكۆبوونەوەكان دەكەین".
سەبارەت بەوەی وادەكە 15 رۆژ تێپەڕبكات ئەنجومەنی پارێزگاكان كۆبوونەوە دەكەن یاخود چاوەڕوانی وەڵامی سەرۆكایەتی هەرێم دەكەن لەوبارەیەوە، ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ رادیۆی نەوا وتی: "نەخێر دەبێت پەرلەمانی كوردستان بەفرەمی ئاگادارمان بكاتەوە لەوەی دەست بە كۆبوونەوەكان بكەین، ئەگەر نوسراوی فەرمیش نەكەن ئێمە هەوڵدەدەین لە رێگەی پەیوەندی تەلەفونییەوە پێش ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا رەزامەندی پەرلەمان وەربگرین ئەگەر بەشێوەیەكی زارەكیش بێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group