لیژنەی تەندروستی پەرلەمان بەدواداچوون بۆ دەرمانێكی مەترسیدار دەكات

21/07/2019
شایان كاكە ساڵح جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان

نەوا-كاروان مەحمود 
جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لیژنەیەكی لاوەكی بۆ بەدواداچوونی هاوردەكردنی دەرمان پێكهێنراوەو لەئێستادا بەدواداچوون لەسەر جۆرێك دەرمانی مەترسیدار دەكرێت، كە لە ساڵی 2017 هێنراوەتە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان.
شایان كاكە ساڵح جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، بۆ بەدواداچوونی ئەو كێشانەی تایبەتە بە پرسی دەرمانی مەترسیدارو هاوردەكردنی بۆ هەرێم، لەناو لیژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لەپەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی لاوەكی تایبەت بەو پرسە پێكهێنراوە، لە ئێستاشدا كار لەسەر یەكێك لەو پرسانە دەكەین كە جۆرێك دەرمان هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە لە ساڵی 2017، دوای كۆتایی هاتنی بەدواداچوونەكان پرسەكە دەدرێتە دادوەری لێكۆڵینەوە.
سەبارەت بە هەماهەنگی كردن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بۆ بەدواداچوونی زیاتر لە بارەی ئەو مەترسیانەی لە ئێستادا ئاشكرادەكرێت بەوەی كە دەرمانی پزیشكی مەترسیدار هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، شایان كاكە ساڵح جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا وتی: "لە راستیدا تاوەكو ئێستا پەیوەندیمان بە وەزارەتی تەندروستییەوە نەكردووە لە بەرئەوەی وەزیری نوێ تازە دەستبەكاربووەو تا ئێستاش لێكنزیكبوونەوە نەبووە، بەڵام گومانی تێدا نییە كە لەداهاتوو دەبێت هاوكاری یەكتربین، ئێستا هەندێك پێشنیازە یاسا هەیە لەبەردەست كە بەهەماهەنگی وەزارەتی تەندروستی و سەندیكاكان بەڕێدەكرێن نەك تەنها بە لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی كوردستان".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group