بێژەن زەنگەنە: سعودیە، ئیمارات و عیراق ناتوانن بۆشایی نەوتی ئێران پڕبكەنەوە

22/07/2019 جیهان

نەوا
بێژەن نامدار زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، لە ئەگەری راوەستانی فرۆشتنی نەوتی ئێران، ئەوا سعودیە، عیراق و ئیمارات ناتوانن ئەو بۆشاییە پڕبكەنەوە، كە بەوهۆیەوە دروستدەبێت.
زەنگەنە لە تارانی پایتەختی ئێران لەگەڵ وەزیرەكانی پێشوی نەوت كۆبوەوە و دواتریش لەبارەی پێشهاتەكان بۆ رۆژنامەنوسان دوا و وتی "هیچ وڵاتێك ناتوانێت جێگەی نەوتی ئێران پڕبكاتەوە. سعودیە، عیراق و ئیماراتیش بازاڕی خۆیان هەیە".
وەزیری نەوتی ئێران ئاماژەی بەوەدا، كە دەستبەسەرداگرتنی ئەو كەشتییە نەوتهەڵگرەی ئێران لەلایەن بەریتانیا لە گەرووی جەبەل تاریق كاریگەری لەسەر خستنەڕووی نەوتی ئێران نەبوە و وتیشی "ئەو كەشتییە نەوتهەڵگرەی دەستی بەسەرداگیراوە، پرسی رۆژی ئێمەیە، چونكە لەوبارەیەوە چەند سنورداركردنێك لەئارادایە. ئەمریكا و هاوپەیمانان لەوبارەیەوە هەوڵدەدەن سنوردانان بۆ ئێمە زیاد بكەن".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group