هەڵەبجە..لە شەش مانگدا 138 ملیۆن دینار زیانی بەركەوتوە

22/07/2019

نەوا-لاڤە كوردە 
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی هەڵەبجە تیمی مەلەوانی نییە و وتەبێژی بەرگریی شارستانی سلێمانیش دەڵێت "لەڕووی جلوبەرگ و جۆری ئامێرەكانەوە كەموكورتی هەیە".
زانیار عومەر وتەبێژی بەرگریی شارستانی هەڵەبجە لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی "شەقام"ی رادیۆ نەوادا وتی "لە شەش مانگی رابردوی ئەمساڵدا 197 روداوی جۆراوجۆر هەبوە وەك لافاو و ئاگر لە شاخ و سوتانی پوش و پاوان، كە زیانەكانی 138 ملیۆن دینار بوە و روداوی ئاگر بەراورد بە ساڵی رابردوش زیادیكردوە، بەجۆرێك لە شەش مانگی سەرەتای 2018دا، 142 روداو تۆماركرابون".
ئاماژەی بەوەشكرد، وەك بەرگریی شارستانی هەڵەبجە تیمی مەلەوانییان نییە و هەموو كاتێك دەبێت داوا لە بەرگریی شارستانی سلێمانی بكەن، كە حاڵەتێكیش رودەدات، لە رێگەی كەسانی نەشارەزاوە هاوكاری خەڵك دەكەن، لەكاتێكدا مەلەوان ئۆكسجین و جلوبەرگی تایبەتی پێویستە. 
هەر لە بەرنامەكەدا رێكان جەمال وتەبێژی بەرگریی شارستانی سلێمانی وتی "لە هەموو دنیادا بەرگریی شارستانی ئەپدەیتی تەكنەلۆژیا و ئامێری نوێی هەیە، بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە وەك پێویست پێداویستی بەرگریی شارستانی دابین بكرێت وەك جلوبەرگ و كەرەستەی باش".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group