حكومەتی هەرێم: بەم نزیكانە گفتوگۆی چڕ لەگەڵ بەغدا دەستپێدەكرێت

22/07/2019

نەوا
دووەم كۆبوونەوەی كابینەی نوێی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و تێیدا تاوتوێ هێڵە گشتییەكان و كارنامەی كابینەی نوێ بۆ چوار ساڵێ داهاتوو كرا و بڕیاریشە بەمزووانە لیژنەی هاوبەش لەگەڵ بەغدا دەست بە گفتوگۆ بكەن.
رۆژی دووشەممە 22-7-2019 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و بەپێی راگەیێندراوێكی ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا "سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران وەزیرەكانی راسپارد لە دامودەزگاكانی حكومەتدا بە باشترین شێوە رێز لە هاووڵاتیان بگێری و جیاوازی لە مامەڵەكردندا نەكرێت. پەیوەست بەمەش بڕیارە وەزارەتەكان رێنمایی تایبەت دەربكەن بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیران".
وەك لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە: "سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران تیشكی خستە سەر سەردانی شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا كە بە شێوەیەكی زۆر ورد داتا و زانیاریی پێویستی لەبارەی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بۆ بەرپرسە باڵاكانی حكومەتی عێراق روونكردبووەوە. كە بڕیارە شاندی هاوبەشی هەردوولا لە نزیكترین كاتدا دەست بە گفتوگۆی چڕ بكەن بۆ دانانی میكانیزمی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەرسێردراوەكان لەگەڵ بەغدا".
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی گرنگی و بایەخیی بە ئەلیكترۆنیكردنی كاروبارەكانی حكومەت كرا وەك لە كارنامەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا هاتووە. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group