ئەندامێكی لیژنەی دارایی یاداشتێك لەبارەی مووچە دەداتە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان

22/07/2019
سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان

نەوا-كاروان مەحمود 
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان یاداشتێك لەبارەی دواكەوتنی مووچە، مووچە پاشەكەوتكراوەكان، مووچە نەدراوەكانی ساڵانی رابردو، راگرتنی مووچەی چەند توێژێك، راگرتنی بەرزە مووچەو سەرەمووچە و یەكخستنی مووچەی پێشمەرگەو هێزەكانی ناوخۆ ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەكات و بۆ رادیۆ نەوا ئەوەش دەڵێت: "هیوادارم ئەو یاداشتە ببێتە سەرەتای كاری كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەداهاتوو".
سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، "بەهۆی ئەوەی ئێستا پشووی یاسادانانە لە پەرلەمانی كوردستان، چاودێریكردنی حكومەت بەشێوەی فەرمی لە رووی پرسیارەوە تاوەكو كۆتایی هاتنی ئەم پشووی یاسادانانە دەست پێناكات، بەڵام لەرێگەی یاداشتێكەوە كە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانم كردووە كە ببێت بە ئەجێندای كاری لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەی داهاتوو وەكو بۆچوونی لیژنەكە، داخوازی فەرمانبەران، مووچە خۆران، هێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە وە مووچە فەوتاوەكانی بەناوی پاشەكەوت و ئەو مووچانەی ئەم ساڵ كە رەوانەكراوەو چارەنوسی نادیارە، لەو پرسە گرنگانەبن كە لەگەڵ ئەم كابینەی نوێیەی حكومەتی هەرێم باسی بكرێت، هیوادارم وەكو دەستپێكی كارەكان بەهاوكاری هاوڕێكانم لە لیژنەی دارایی كاری جدی لەسەر بكەین".
سەبارەت بە چارەنوسی مووچەی دواكەوتووەكانی ئەمساڵ كە پرسیاری سەرەكی فەرمانبەرانی هەرێم و بەدواداچوونەكانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراقیشە، سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا راشیگەیاند، "ئەوەی گرنگە حكومەتی هەرێم لەم كابینە نوێیەدا پێمان بڵێن ئەوەیە كە پارەی نەوت چەندیان بۆ دەگەڕێتەوە 170 ملیار دینار دەدرایەوە بە دارایی، ئێستا پارە لە بەغداوە دێت و چەند مووچەیەكی پێشمەرگەش لەبەغداوە رەوانە دەكرێت ئەوەش گرنگەو قورسایی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم لادەبات".
سۆران عومەر ئەوەشی وت: "دەبێت ئەم كابینەی حكومەتی هەرێم مووچەی دواكەوتوو تەواو بكات و مووچەكان بگەڕێنێتەوە، بەزویی بڕیار لەسەر مووچە پاشەكەوتكراوو نەدراوەكانی ساڵانی رابردوو بدات، بەتایبەت كە لەم كابینەی حكومەت بڕیار دراوە "سیستەمی ئەلیكترۆنی ئەژماری بانكی" دابنرێت  كە ئەوەش كارەكان ئاسانتر دەكات بۆ گەیشتنە ئەنجام لەبارەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان و مووچە نەدراوەكانی ساڵانی رابردوو، بەجدیش كار لەسەر ئەم پرسانە دەكەین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group