سلێمانی..كەمپینێك لە دژی ژن كوشتن و دەستدرێژی راگەیەندرا

24/07/2019 ​نەوا-رۆژیار سیروان

ژمارەیەك لە ئافرەتان و چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی لە شاری سلێمانی كەمپینێكیان بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتانەی روبەڕوی كۆمەڵگا و ژنان دەبێتەوە، راگەیاند. سەرپەرشتیاری كەمپینەكەش دەڵێت "ژنان لە بارودۆخێكی خراپدان".
رۆژی چوارشەممە 24-7-2019 ژمارەیەك لە ژنان و چالاكوانی مەدەنی بۆ رێگریكردن لە ژن كوشتن و رێگریكردن لە دەستدرێژی سێكسی بۆسەر ژنان، لە شاری سلێمانی كەمپینێكیان لەژێرناوی (دژی داگیركەری و ژن كوشتن، بێدەنگی بشكێنە) رێكخست.
لەوبارەیەوە بێخاڵ نامیق سەرپەرشتیاری كەمپینەكە بە رادیۆ نەوای وت "ئاستی ژن كوشتن لە ماوەی پێشودا لەچاو ساڵانی رابردو بەرەو زیادبون دەڕوات و چەندین ئافرەت بە ناچاری پەنا بۆ خۆكوشتن دەبەن، كە ئەوەش تاوانی كۆمەڵگایە".
وتیشی "زۆربەی ئەو كەیسانەی دەچنە ناو دادگاكانەوە بە لارێدا دەبرێن و تاوانباران بە بڕێك پارە ئازاد دەكرێن".
بەپێی ئامار و زانیاریەكانی سەرپەرشتیاری كەمپینەكە، ئاستی توندوتیژییەكان لە كوردستان و عیراقدا لە بەرزبونەوەدایە و بەپێی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی تێكۆشان دژی ژنان لە هەرێمی كوردستاندا، كە لە راگەیاندراوی كەمپینەكەدا ئاماژەی پێدراوە، لە ماوەی پێنج مانگدا 89 ژن كوژراون یان ناچار بە خۆكوشتن كراون، لەوەشدا پارێزگای سلێمانی بە پلەی یەكەم دێت، پارێزگای هەولێر بەپلەی دووەم، پارێزگای دهۆك لە پلەی سێیەمی ریزبەندی ئاستی تاوانكاری بەرابەر ژنان دادەنرێت.
لەلای خۆیشیەوە مەعسومە برایم ئەحمەد چالاكوانی مەدەنی ئاماژەی بەوەدا ئەو ئامارانەی رادەگەیەنرێن، بە تەحەداوە هیچیان راست نین و وتیشی "دڵنیام تەنانەت شەڵتەر و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئامارەكانیان راست نین، چونكە رێگری هەیە و زۆركات لە ماڵەوە ژنان دەكوژرێن و باس ناكرێن تەنها ئەوانە باس دەكرێن، كە لە پاركێك یان كۆڵانێك كوژراوە، لەوانەیە لە ماڵەوە كوژرابێت و دواتر بەناوی نەخۆشییەوە لە قەڵەمدرابێت".
سەبارەت بە دۆخی ژنانیش لە هەرێمی كوردستان سەرپەرشتیاری كەمپینەكە وتی "دۆخی  ئافرەتان پێم وانییە لە دۆخێكی باشدا بێت، چونكە دەبینین ئەم هەموو پارچە پارچەبونەمان لەسەرە و لەزۆر بواردا ئافرەت قوربانییە".
بەپێی ئامار و داتای كەمپینەكە، لە ماوەی پێنج مانگی رابردودا رێژەی خۆكوشتنی ژنان بەمشێوەیەبوە: ژنێك كوژراوە، 25 ژن خۆیان كوشتوە، 49 ژن خۆیان سوتاندوە، 45 ژن دەستدرێژی سێكسییان كراوەتەسەر. هەروەها مانگی 6ی ئەمساڵ لە ماوەی 10 رۆژدا 4 منداڵی مێینە روبەڕوی دەستدرێژی سێكسی و كوشتن بونەتەوە.
ئەوەی جێی باسە كار و چالاكییەكانی كەمپینەكە پێكدێت لە بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە لە دژی داگیركەری و ژن كوشتن و ئەنجامدانی چالاكی دیموكراتی و مەدەنیانەی ژنان لەپێناوی فشار خستنەسەر لایەنی پەیوەندیدار، بۆ رێگەگرتن لە داگیركەری و شكاندنی بێدەنگیەكان هەروەها ئەنجامدانی هەڵمەتی هونەری و كلتوری و چالاكی دیموكراتییانە لە دژی هەموو دراما بیانییەكان و پێشخستنی كلتوور و هونەری رەسەنی كوردی و بەیەكەوە ژیانی گەلان و پێشخستنی هاوژیانی ئازاد.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group