پۆلیسی هەولێر دوو كەسی بە تۆمەتی دزی دەستگیركرد

24/07/2019

نەوا-  سەعید عەبدولڵا- هەولێر
پۆلیس دەستگیركردنی دوو كەسی ڕاگەیاند، كە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی چەندین تاوانی دزی لەناو شار و دەرەوەی شاری هەولێر.
هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە ڕادیۆی نەوای ڕاگەیاند: دوای ئەوەی پۆلیس ئاگاداركرانەوە بەبوونی چەند ڕووداوێكی دزیكردن لە گەڕەكی سەیداوەو پاڕكینگی نەخۆشخانەی پار، دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەم ڕووداوانە كراونەتەوە و  توانراوە ناسنامەی تۆمەتباران ئاشكرا بكرێت و و لە ماوەیەكی كەمدا دەستگیر بكرێن.
وتیشی: تۆمەتبارەكان كە تەمەنیان 19 ساڵە دوای دەستگیر كردنیان دانیان نا بە (7) تاوانی دزیكردن لەوانە شكاندنی جامی چەند ئۆتۆمبێلێك و بردنی كەلوپەلی ناو ئۆتۆمبێلەكان، دزینی (3) دەمانچەو بڕی (540) هەزار دینار و دزینی كەل و پەلی ئەلیكتڕۆنی .
وتەبێژ پۆلیسی هەولێر باسی لەوەشكرد: پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارن ڕێكخرا و ڕەوانەی بەردەم دادوەر كران، ئەویش بڕیاریدا بە بەندكردنی هەردوو تۆمەتبار بەپێی ماددە (446) لە یاسای سزادانی عیراقی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group