هونەرمەندان و رۆشنبیران كەركوك دەكەنەوە بە شاری پێكەوەژیان و برایەتی و خۆشەویستی

27/07/2019 نەوا-محەمەد فاتیح

ئەگەر بێت و نیازەكانی هەموان راست نەبن هەوڵە تاكە كەسیەكان ئەنجامیان نابێت، ئەوەی پێكهاتە و نەتەوەكانی شاری كەركوك بەیەكەوە دەبەستێتەوە و كۆیاندەكاتەوە دوور لەسیاسەت، تەنها خۆشەویستییە، چونكە رەگوریشەیەكی بەهێز و دوورودرێژ بەیەكیانەوە دەبەستێتەوە، ئەوەشی ئامادەی كۆڕەكانی یەكێتی ئەدیبان و نوسەرانی كەركوك ببێت ئەوەی بۆ دەردەكەوێت یەكێتیەكەیان دەوارێكە و هەموان لەخۆدەگرێت، چونكە هاوبەشی یەكێتی لەنێوان شاری برایەتی زۆرن، كەركوك سەرچاوەی رۆشنبیریە هەمە چەشنەكانە و بۆ هەمیشە سەرچاوەیەكی هەڵقوڵاوە.

ئەمە وتەی سوداد هاشم بەیاتی نوسەر و شاعیر و سەرۆكی یەكێتی ئەدیبان و نوسەرانی كەركوكە لە پێكهاتەی عەرەبی ئەو شارە كە لەم راپۆرتەدا قسەی بۆ رادیۆ نەوا كرد.
بەڵام نەژاد نەجم شانۆكار لە پێكهاتەی كوردی كەركوك نوسەر و دەرهێنەری شانۆیی بێ سنور و شانۆیی خەون كە دوو خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە لەلێدوانێكدا بۆ رادیۆی نەوا وتی: لە كوردستان و تایبەت لە كەركوك ئەستەمە هونەرمەند خۆی لەژێر سێبەری حزب دوربخاتەوە، ئەوەی ئەو باڵانسە رابگرێ و حزبی نەبێت و لەگەڵ خەڵكی بێت هەمیشە دەبێت باجەكەی بدات.

وتیشی "ئێمە هەمیشە لەبەرەی خەڵك بوین، بۆیە كارەكانمان لەناو دڵی خەڵكە و سەركەوتوبوە باجەكەشی ئەوەبووە هیچ كات پلە و پۆستمان پێنەدراوە لەسەنتەر و شوێنە هونەرییەكاندا، بەڵكو ئەو خەڵكانە دادەنرێن كە حزبین و نزیكن لەبەرپرسەكانەوە، دوور و نزیكیش پەیوەندییان بەهونەرەوە نییە".
هەروەها ئەو هونەرمەندە دەڵێت "ئێمە ناڵێین سودمان لە حزب و حكومەت وەرنەگرتوە بەپێچەوانەوە پاڵپشتیشیان لە كارە هونەریەكانمان كردوە، بەڵام كاری ئێمە بۆ خەڵكەكەیە. هەربۆیە پەیامی ئێمە ئەوەیە بتوانین كارەكانمان زیاتر بكەین و خەڵك ئاشنابكەینەوە بە هونەر، چونكە بینەر تامەزرۆی كاری هونەریە و خەڵك بێزارە لە سیاسەت و قسەی بەتاڵ".

لەلایەن خۆیەوە عەممار شوكری مەحمود دەرچوی پەیمانگای موزیكی باڵای عەرەبی لە قاهیرە و بڕوانامەی ماستەری لەبواری موزیكی پیانۆ بەدەستهێناوە و سەرۆكی كۆمەڵەی میوزیكژەنانی عیراق لقی كەركوك، كە لە پێكهاتەی عەرەبی كەركوكە وتی "بەهۆی قەیرانەكان و دەستبەسەراگرتنی چەند لایەنێك بەسەر بارودۆخەكەدا، هونەر لە نزمترین ئاستیدایە لەمێژوی عیراقدا، بەپێچەوانەی هەرێمی كوردستان كە پاڵپشتی لە هونەر دەكات، من پێموایە گرنگیدان بە هونەر خاڵێكی سەرەكییە بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەی سەردەمیانە لەكاتێكدا ئەگەر حكومەتێك هەبێت گرنگی بە هونەر و هونەرمەندان بدات، بەڵام لە عیراقدا ئەمە تەنها خەونێكە".

هەروەها عەممار شوكری پێی وایە بۆئەوەی كەركوك ببێت بە شارێكی هونەری و رۆشنبیریی، پێویستە هێزە سەربازیەكان شارەكە بەجێبهێڵن و چەك تەنها بەدەستی دەوڵەتەوە بێت و حاكمێك بۆ شارەكە دابنێن خاوەنی بڕوانامەبێت تاكو رێز لە هونەر بگرێت و پاڵپشتێكی راستەقینەی بێت نەوەكو حاكمێك بێت بەشێوازی تایفەگەرێتی و هۆزایەتی شارەكە بەڕێوەببات، لە كۆتاییدا لە دڵمەوە سڵاو لە كارمەندانی رادیۆی نەوا دەكەم كە بەشدارە لە گەیاندن و گەشەسەندنی ئاستی هونەری و رۆشنبیری لە عیراقدا، باپێكەوە هونەر بكەین بە ناسنامەیەكی مرۆڤایەتی و هەمو پێكهاتەكان لەژێر ئاڵاكەیدا كۆبكاتەوە.
هەروەها ئەیوب بەمبۆخچی نوسەر و رۆژنامەنوس لە پێكهاتەی توركمانی كەركوك بۆ رادیۆی نەوا دەڵێت: لە زۆربەی وتارەكانمدا باس لەوەدەكەم، كە كاتی خۆی كەركوك شاری پێكەوەژیان بوە و شاری برایەتی و خۆشەویستی بوە لەنێوان رۆڵەكانی و پێكهاتەكانی وەكو چەپكەگوڵێك وابون و هیچ جیاوازییەك لەنێو پێكهاتەكانی نەكراوە، بەڵام ئێستا بەدەستی دەرەكی و ناوخۆیی هەوڵێك هەیە تاكو كەلێنێك و دابڕانێك بخەنە نێو پێكهاتەكانی كەركوكەوە و ئارامی ئەم شارە بشێوێنن، ناكۆكی گەورەی فیكری و رۆشنبیری لە نێو پێكهاتەكانی ئەم شارەدا نییە، بەڵكو ئەوە سیاسەت و سیاسیەكانن دەیانەوێت ناكۆكی و دابڕان لەنێوانیاندا دروستبكەن.

وتیشی "پێویستیمان بە ژینگەیەكی خۆشە، پێویستە ژینگەكە بگۆڕین و دوربكەوینەوە لەسیاسەت، ماڵی رۆشنبیری كەركوكیش بەم ئاڕاستەیە كاردەكات و ناوبەناوە هەمو نەتەوەكانی شاری كەركوك كۆدەكاتەوە و ئاشنایان دەكات بە چالاكیەكانیان".
لەكۆتاییشدا دەڵێت "رۆشنبیری و ئەدەب و هونەر و شیعر و تەنانەت وەرزشیش ئەمانە دوور لە نەتەوەچێتی و سیاسەت هەموان یەكدەخات ... سوپاستان دەكەم كە ئەم هەلەتان بۆ رەخساندم تاكو باس لە نیشتیمانی بچوكم "كەركوك" بكەم، كەركوك عیراقێكی بچوكە و لە هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان، پێكدێت".
لەلایەن خۆیەوە موشێ پۆڵس موشێ نوسەر لە پێكهاتەی مەسیحیی كەركوك و خاوەنی چەند خەڵاتێكی فێستیڤاڵەكان بۆ رادیۆ نەوا بەمجۆرە دوا و وتی: ئێمە لەرێگای ئەدەب و هونەرەوە هەوڵمان داوە و هەوڵدەدەین كەركوك لە كێشمەكێشی سیاسی دوربخەینەوە، رۆشنبیری ئەو پەرداخەیە، كە هەموو پێكهاتەكانی كەركوك لەخۆدەگرێت، ئەگەر ئامادەی كۆڕە ئەدەبیەكانمان بن وێنەی هەموو پێكهاتەكانی كەركوكی برایەتی تیابەدی دەكەیت، كەركوك لەناو دڵدایە گەلە خۆشەویست و برایەتیەكەشی گیان و جوانیی ئەم شارەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group