"دەسەڵاتدارانی هەرێم نایانەوێت پارەیەكی زەبەلاح بۆ ژینگە خەرج بكەن"

01/08/2019 نەوا-رۆژیار سیروان

رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان بەهاوكاری رێكخراوی NEDی ئەمریكی گفتوگۆیەكی كراوەی بۆ پرسی ژینگەی پارێزگای سلێمانی سازكردو سەرۆكی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجومەنی پارێزگاكەش دەڵێت "دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیانویستوە پارەیەكی زەبەلاح لەم بابەتەدا خەرج بكەن".
رێبوار ئەحمەد سەرۆكی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە پەراوێزی گفتوگۆكەدا بەرادیۆ نەوای راگەیاند، دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیانویستوە پارەیەكی زەبەلاح لە ژینگەدا سەرف بكەن و بە پێویستیان نەزانیوە و لە گرفتەكانی داهاتو نائاگان، نازانن ئەو پاشەڕۆیانە ئاوی قورس دروستدەكەن و دەچێتە ئاوی ژێرزەوی و لەگەڵ خانەكانی لەشی مرۆڤ تێكەڵ دەبن و خانەی شێرپەنجەیی دروستدەكەن و لە كۆتاییدا بە ملیارها دۆلاری تێدا سەرف دەكرێت. 


وتیشی "لەئێستادا ئەم بابەتە بۆتە جدی و لایەنی پەیوەندیدار و كەسانی هەڵبژێردراو لە ئەنجومەن و پەرلەمان و بەشێك لە كۆمپانیاكانیش بۆ سودمەندی خۆیان لەم بابەتەدا كاردەكەن، هەروەها لە رێگای راپۆرتەكانمانەوە چەندین كارگە بۆ هەمیشەیی داخراون یان سزادراون بە بڕی 10 بۆ 20 ملیۆن دینار و كارگەش هەیە سێجار سزا دراوە، بەڵام هەموو ئەمانە چارەسەرنین، بەڵكو هەوڵن، بۆیە چارەسەر بە دانانی چاودێرییەكی ئۆنلاین دەبێت لەلایەن فەرمانگەی ژینگەوە، كە بەردەوام چاودێری بكات، ئەوكات كارگەكان ناتوانن سەرپێچی ژینگەیی بكەن".


سەبارەت بە هەوڵی شارەوانی بۆ رێگریكردن لە پیسبونی ژینگە و زۆربونی پاشەڕۆ، نزار كەمال لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بە رادیۆ نەوای وت "خۆڵ و خاشاك بە چەند رێگایەك چارەسەر دەكرێت ئەویش بە زانستی چاڵی بۆ ئامادە دەكرێت و دادەپۆشرێت یاخود بە شێوازی هەڕەمی بە كەڵەكەبوونی پاشەڕۆكان لەسەر یەكتر ئەنجام دەدرێت باشترین رێگای هەنووكەیی بریتیە لە ریسایكلین، كە دوبارە سود لە پێكهاتەی پاشەڕۆكان وەردەگیرێتەوەو لەماوەی ساڵێكی تردا ئەویش بەرجەستە دەبێت".
وتیشی "رێگایەكی ترمان لەناوشار گرتۆتەبەر ئەویش بە جیاكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی خۆراكی لە پێكهاتەی نایلۆن و پلاستیكی، لەئێستادا وەك هەنگاوی سەرەتایی لە شوێنە بازرگانییەكان و چێشتخانە و رێستۆرانتەكان دەستمانپێكردوە و بەسەرپێچیكردن لەو بڕیارە سەرەتا ئاگاداردەكرێنەوە، پاشان غەرامە دەكرێن".
 سەبارەت بەپیسبونی هەوای سلێمانی و گرفتەكانی ژینگەیی لەنێو شاری سلێمانیدا، شوان مەعروف لێپرسراوی هۆبەی پرۆژەكان لە فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی بەرادیۆ نەوای وت "گرفتە سەرەكییەكانی ژینگەی سلێمانی  خۆی دەبینێتەوە لە بەزانستی چارەسەرنەكردنی ئاوەڕۆ و پاشەڕۆ رەقەكانی وەكو پاشەڕۆی ماڵان و كارگەكان و زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل و جۆری سوتەمەنیەكان، كە مادەی قوڕقوشمی تێدایە و سەلامەت نین، هەروەها بوونی كارگەیەكی زۆر لە سنوری ناوچەكەو كەمی رێژەی سەوزایی گرفتێكن روبەڕوی سلێمانی بۆتەوە، بۆ كەمكردنەوەی ئەم گرفتانە بەردەوام چاودێری كارگەكان دەكەین و هیچ كارگەیەكیش ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە تا رەزامەندی فەرمانگەی ژینگە وەرنەگرێت.


ئاماژەی بەوەشدا، تائێستا بەزانستیانە نازانرێت هەوای شاری سلێمانی تەندروستە یان نا، چونكە پێویستی بە كۆمەڵێك ئامێری تایبەتە و پێویستی بەوەرگرتنی نمونەیە لەسەرجەم وەرزەكاندا بە شەو و رۆژ تا ئەنجامێكی باشت دەستدەكەوێت، بەتەنها سەرزارەكی هەوا پاكە یاخود پیسە وەڵامێكی زانستی و گونجاو نییە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group