2019 دەبێتە ساڵی كۆنگرەی حزبەكانی كوردستان

06/08/2019 نەوا

بەشێك لە حزبەكانی هەرێمی كوردستان كۆنگرە دواخراوەكانیان خستووەتە سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ و چاوەڕوان دەكرێت پێنج گەورەكەی پەرلەمانی كوردستان ئەو كارە بكەن.
لە هەرێمی كوردستان پتر لە 40 حزب هەیە، هیچ بوودجەیەكیش بۆ حزبەكان لە لایەن حكوومەتەوە نادرێت، ئەمساڵ بۆ بەشێكیان كە بەحزبی گەورە دەناسرێن ساڵی كۆنگرەیە.
پارتی دیموكراتی كوردستان، هێزی ژمارە یەك لە كوردستان "خاوەن 45 كورسی لە پەرلەمان" لە پەیڕەوی ناوخۆییدا هاتووە كە هەر چوار ساڵ جارێك كۆنگرە بكات، بەڵام دوایین كۆنگرەی لە ساڵی 2010 بەستووە، هاوتەریب هاوبەش و هاوپەیمانە لەمێژینەكەی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە "خاوەن 21 كورسی لە پەرلەمان"، دوایین كۆنگرەی لە 2010 ئەنجامداوە، بەو پێیە زۆرترین دواكەوتنییان لە كۆنگرەدا تۆماركردووە.
ساڵی2019  بۆ بەشێكی زۆر بەتایبەت حزبە گەورەكان یان باشتر بڵێن پێنج ئەستێرەكە "پارتی، یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ"، ساڵی بەستنی كۆنگرە دەبێت.

پارتی: بڕیارمان لەسەر كاتی بەستنی كۆنگرە نەداوە
ئەكرەم ساڵح ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان باس لە كۆنگرەی 14یەمی حزبەكەی دەكات و رایدەگەیەنێت "هێشتا لەنێو پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ كاتێك بۆ بەستنی كۆنگرەی داهاتوومان دیاری نەكراوە"، لەگەڵ ئەوەشدا نایشارێتەوە كە لە كۆبوونەوە باڵاكانی حزبەكەیدا و لەسەر ئاستی سەركردایەتیش پرسی بەستنی كۆنگرە تاوتوێ كراوە، بەڵام بڕیاری كۆتایی هێشتا كاتی دیكەی پێویستە.
ئەكرەم ساڵح دەڵێت: كۆنگرەی داهاتووی حزبەكەیان گۆڕانكاریی لە چەندین شتدا دەكات و پارتەكەیان دەیەوێت لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ناوچەیی و هەرێمی و ناوخۆیش پتر پچێتە پێش و بگونجێت، ئەو دەشلێت "گۆڕانكاریی لە ستراتیجییەت و پەیڕەو و كەس و سەركردەكانیش دەكرێت، بەشێك لە گەنجانیش دێنە پێشەوە"، بەڵام سەبارەت بە سەرۆكی حزبەكەی كە هاوكات ساڵانێك سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بوو ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێت "كاك مەسعود هەر دەمێنێتەوە، چونكە كاك مەسعود پێویستییە".
پارتی دیموكراتی كوردستان لە 16ی ئابی 1946 دامەزراوە، بە پارتێكی نەتەوەیی دیموكراتی نیشتمانی خۆی دەناسێنێت، مەلا مستەفا بارزانی دامەزرێنەری حزبەكەیە و ئێستا كوڕەكەی مەسعود بارزانی لە ساڵی 1979ەوە سەرۆكایەتی دەكات، دوایین كۆنگرەی لە هەولێر لە 11 بۆ 18ی كۆتا مانگی 2010 بەستووە، رەنگی زەرد ئاڵای پارتییە و لەنێویدا لۆگۆیەكی تەختە سوور هەیە كە پیتەكانی PDKی لەسەر نەخشێنراوە و پیتی یەكەمەكانی سێ وشەی ناوی حزبەكەیە، تا ئێستا 13 كۆنگرەی بەستووە.

یەكێتی: ئەنجومەنێكی 121 كەسی سەركردایەتی یەكێتی دەكەن
لەلایەكی دیكەوە زوبێر عوسمان جێگری سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە بە "پەرلەمانی یەكێتی" دەناسرێت، رایگەیاند "نۆ ساڵ بەسەر بەستنی دوایین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تێدەپەڕێت، یەكێتی بڕیاری داوە كۆنگرەی چوارەمی خۆی لە ئەمساڵدا ببەستێت، لەو ماوەیەدا گۆڕانكاریی زۆر هاتوونەتە ئاراوە، ئیدی كاتی هاتووە یەكێتی پەیكەری رێكخراوەیی و خۆی لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا بڕوات، یەكێتی پێشتر حزبێك بوو لەسەر بنەمای حزبە لینییە سوسیالیستییەكان كاری دەكرد، ئێستا ئەو فۆرمە وەڵامی داخوازییەكانی سەردەم ناداتەوە و دەبێت گۆڕانكاریی لە پرۆگرام بكرێت بە شێوەیەك بگونجێت لەگەڵ ئێستادا بەتایبەت یەكێتی حزبێكی سوسیال دیموكراتە".
سەبارەت بەو گۆڕانكارییانەی چاوەڕوان دەكرێت كۆنگرەی یەكێتی بیانهێنێتە ئاراوە، بەرپرسە باڵاكەی یەكێتی دەڵێت "كۆنگرە دەبێت یەكێتی لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەم و بەپێی بڕیار و پەیڕەوی ناوخۆ لەناو كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەك هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت ئەویش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنێكی 121 كەسی دەبێت لە هەفتەی یەكەمیشدا لە دوای كۆنگرە سكرتێر بۆ ئەنجوومەنەكە و دەستەی بەڕێوەبردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵدەبژێردرێن".
زوبێر عوسمان ئاشكراشیكرد چیدی لە حزبەكەیدا پۆستەكانی سكرتێری گشتی و یاریدەدەرەكانی لەپاڵ ئەنجومەنی سەركردایەتی، مەكتەبی سیاسی هیچیان نامێنن و ئەو ئەنجومەنەشی بەناوی ئەنجومەنی گشتییەوە دەبێت لە 121 كەس پێكدێت و سەركردایەتی یەكێتی دەكەن، مەرجیشە لەو ژمارەیە بەلانیكەمەوە 25 لەسەدیان ئافرەت ببن، ئیدی ئەو كەسانەش لەنەوەی كۆن و نوێ گەنجان و سەركردایەتییەكانی ئێستا هەموو چین و توێژێك لەخۆ دەگرێت.
لەبارەی بەڕێوەبردنی یەكێتی نیشتمانیشەوە زوبێر عوسمان رایگەیاند "ئەنجوومەنێكی سێ كەسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوەدەبن و سیستەمەكە نە هاوسەرۆكی دەبێت و نە لە شێوەی كۆنسەی سەرۆكایەتی، بەڵكو ئەو سێ كەسە كارەكانی یەكێتی بەڕێوەدەبن و یەكێكیان تایبەت دەبێت بە كاروباری سیاسی، یەكێكیان كاروباری رێكخستن و ئەوی دیكەشیان كاروباری مەكتەبەكان و كۆمیسیۆنەكانی چاودێری".
ئەوەشی روونكردەوە لەو 121 كەسەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوەدەبن 54یان دەستەی ئەنجوومەنی جێبەجێكردن دەبن، 67 ئەندامیشییان بەسەر كۆمیسیۆنە چاودێرییەكان دابەش دەكرێن و جێی ئەنجوومەنی ناوەند دەگرنەوە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە یەكەم پارتە لە پارتی دایك "پارتی دیموكراتی كوردستان" جیابووەتەوە و لە ساڵی 1975 لەسەر دەستی چەند كەسێك دامەزراوە لەنێویاندا جەلال تاڵەبانی، خۆی بەحزبێكی سوسیال دیموكراتی نەتەوەیی پێناسە دەكات، سێ كۆنگرەی بەستووە و لە رێگەیە بەرەو چوارەم لە ساڵی 1975ەوە تاوەكو كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی لە ساڵی 2017 سەرۆكایەتی كردووە.

گۆڕان: لە كۆنفرانسی نیشتمانی هیچ هەڵبژاردنێك ناكرێت
لەلایەن خۆیەوە هێمن شێخانی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند كە بزووتنەوەكەیان لە سێ كۆبوونەوەی دوایی خۆیدا بەلای پرسی كۆنگرەدا چووە و باسی لە ئەنجامدانی كۆنگرە كە لە دەستوور "پەیڕەوی ناوخۆ"ی بزووتنەوەكەدا بە "كۆنفڕانسی نیشتمانی"ناو دەبرێت كراوە. 
شێخانی دەڵێت كە بەپێی دەستووری بزووتنەوەكەیان هیچ لێژنەیەك بۆ ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە "كۆنفڕانسی نیشتمانی" دروست ناكرێت، بەڵكو چوار ژوور كە ئەوانیش بریتیین لە "سیاسی، پەیجووری، هەڵبژاردن و كارگێڕی" بۆ بەجێگەیاندنی ئامادەكارییەكان سەرپشك و بەر ئەو ئەركە خراون.
هەروەها ئەوەشی وت "بزووتنەوەی گۆڕان لە 2019دا كۆنفڕانسی نیشتمانی خۆی دەبەستێت و ئامانج لێی بۆ دیاریكردنی ستراتیجییەتی بزووتنەوەی گۆڕانە، چونكە لەگەڵ بوونی پڕنسیپی گشتی قۆناغی ئۆپۆزسیۆنبوونی بزووتنەوەكە و قۆناغی چوونە نێو دەسەڵاتییەوە جیاوازیی هەیە بەتایبەت لە شێوازی كاركردن و ئەركەكان".
هەروەها هێمن شێخانی رایگەیاند " كۆنفڕانسی نیشتمانی بۆ ئەوەیە دەستووری بزووتنەوەكە هەمواربكرێتەوە، ستراتیجییەتی چوار ساڵی داهاتوو دیاری بكات".
ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان باس لەوەش دەكات كە لە كۆنفڕانسی نیشتمانی بزووتنەوەكەیان پێچەوانەی سەرجەم حزبەكانی دیكەی گۆڕەپانی سیاسی هەرێم هیچ هەڵبژاردنێك ئەنجام نادرێت، سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی ناوخۆیی بزووتنەوەكەش شێخانی روونی دەكاتەوە "ئێمە لە 14ی ئەیلوولی داهاتوو هەڵبژاردن بۆ خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی دەكەین، واتە ئەم دوو ئۆرگانە پێش ئەنجامدانی كۆنفڕانسی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێن و دەرگای خۆ پاڵاوتنییان بۆ دەكرێتەوە پێشتر".
وتیشی: "گۆڕان بەنیازە ئەو نیگەرانانەی لێی چوونەتە دەرەوە بانگهێشت بكاتەوە بۆ كۆنگرە و نێو گۆڕان".
بزووتنەوەی گۆڕان لە 25ی تەمووزی 2013 دامەزراوە و لە رووی ناو و پەیكەربەندیی سەركردایەتی و حزبییەوە جیاوازیی لە حزبەكانی دیكە هەیە، تا مردنی لە 2017 لە لایەن نەوشیروان مستەفاوە رابەرایەتی دەكرا، بە یەكەم تاقیكردنەوەی حزبی ئۆپۆزسیۆنی جەماوەری لەقەڵەم دەدرێت و لە یەكەم بەشداریی لە هەڵبژاردنەكانی 2013 توانی 24 كورسی بەدەست بهێنێت لە كۆی 111 كورسی، بەڵام كەمبوونەوەی كورسی و دەنگەكانی بۆ 12 كورسی لە هەڵبژاردنی ئەیلولی 2018 ئەم حزبەی تاساند.  

یەكگرتوو: زۆرینەی حزبەكانی كوردستان لە كۆنگرە دەترسن
لەم چوارچێوەیەدا ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، وتی: "یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە 25 ساڵ دەبێت ئەم حزبە راگەیەنراوە بەوە ناسراوە كە لەكاتی خۆیدا كۆنگرە دەبەستێت، تاوەكو ئێستا لەو ماوەیەدا حەوت كۆنگرەمان بەستووە، ئێستا كە لە بەستنی كۆنگرەی هەشتەمی یەكگرتوو نزیك دەبینەوە نەوەك لە وادەی خۆییدا دواكەوتووە، بەڵكو كۆنگرەی یەكگرتوو بگرە شەش مانگ پێش وادەی یاسایی خۆی دەبەسترێت و پێشخراوە، ئەم كۆنگرەیە بڕیارە لە كۆتایی ساڵی 2019 بیبەستین و ئێمە ئیستحیقاقی بەستنی كۆنگرەمان هەیە".
دەشڵێت "ئومێدەوارین كە كۆنگرەی ئەمجارەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئاستی ئەو تەحەدیاتانە بێت كە رووبەڕووی ناوچەكە بووەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی سەركردایەتی یەكگرتوو تەحەمولی ئەو شكست و كەمبوونەوەی دەنگەكانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد، بۆیە لە رووی ستراتیجییەت و نوێبوونەوەی سەركردایەتی و پڕۆگرام و ئۆرگانەكان چاوەڕوان دەكەین كە كۆنگرەی هەشتەمی یەكگرتوو كۆنگرەی نوێبوونەوە بێت".
هەروەها ئەوەشی وت كۆنگرەی ئەمجارەی یەكگرتووی ئیسلامی لەوەی پێش خۆی جیاواز دەبێت، ئەمەش گەڕاندەوە بۆ ئەوەی بە قسەی ئەو "بارودۆخ و زروفەكە و كۆمەڵێك تەحەدیاتی سیاسی و حوكمڕانی هاتووەتە ئاراوە، بە نیسبەت خودی یەكگرتووشەوە پرسەكانی دەعوە و سیاسەت، هەروەها مەسەلەی كەمبوونەوەی دەنگەكانی، پێگەی وەكو هێزێكی ئۆپۆزسیۆن، وەكو هێزێكی ئیسلامی هەموو ئەو پرسانەن لە پاڵ پشتیوانیكردنی یەكگرتووی ئیسلامی لە ریفراندۆم ئەمانە ئەو ستراتیجییەتانەن كە یەكگرتووی ئیسلامی لەم كۆنگرە دەبێت جەختیان لەسەر بكاتەوە و بەرنامە دابنێت بۆ بەرەو پێشچوون و شكست و كەموكوڕییەكانیشی تەغتییە بكات".  
ئەبوبەكر هەڵەدنی سەبارەت بە ترسانی حزبەكانی كوردستان لە بەستنی كۆنگرەكانیان و دواخستنی وتی: "بەداخەوە حزبەكانی كوردستان لە بەستنی كۆنگرەكانیان دەترسن، ترسان لە كۆنگرە ناتەبایی نێو هێزە سیاسیەكان دەردەخات، بەڵام هەر حزبێك حزبێكی دامەزراوەیی ببێت و متمانەی بەخۆی هەبێت كۆنگرە لە وادەی خۆی دەبەستێت، بەڵام ئەو حزبانەی لە لەت بوون دەترسن یان حزبەكانیان حزبی دامەزراوەیی نیین لە كۆنگرە دەترسن، ئەمانەش زۆرینەن لەنێو حزبەكاندا و كەمن ئەو حزبانەی پابەندن بە پەیڕەو و پرۆگرامی خۆیان و لەوادەی خۆیان كۆنگرە دەبەستن".   
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، حزبێكی ئیسلامی میانڕەوە و خۆی بە پارتێكی نیشتمانی كوردستانی ناودەبات، باوەڕی بە گۆڕانكاریی چەكداریی نییە و بەدرێژكراوەی ئیخوان موسلمین دادەنرێت و لە ساڵی 1994 خۆی راگەیاندووە و لە لایەن سەڵاحەددین بەهائەددین-ەوە سەرۆكایەتی دەكرێت كە لە لای ئەمان پۆستەكە "ئەمیندار"ە، چەند جارێك بەشداریی حوكمڕانیی لە هەرێمی كوردستان كردووە و جاری دیكەش ئۆپۆزسیۆن بووە، ئێستا خاوەنی پێنج كورسییە لە كۆی 111 كورسی پەرلەمانی كوردستان و دابەزینی زۆری دەنگ و كورسییەكانی كە بۆ نیوە داكشا ناڕەزایی زۆری لەنێو ئەم پارتە دروستكرد، دوایین كۆنگرەی لە ساڵی 2016 بەستووە، جگە لەیەك جار لە گۆڕین ئەمیندارەكەی "سەڵاحەددین بەهائەددین" لە كۆنگرەكاندا دەبێتەوە ئەمیندار.  

كۆمەڵی ئیسلامی: عەلی باپیر لە هەموو كۆنگرەكاندا داوایكردووە كەسێكی دیكە جێی بگرێتەوە
هەر لەم نێوەندەدا، بەدرییە ئیسماعیل ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی، لەبارەی كۆنگرەی حزبەكەی كە خاوەنی حەوت كورسییە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت "ئێمە وەكو كۆمەڵی ئیسلامی بەپێی پەیڕەو كاردەكەین و لە پەیڕەوی ناوخۆدا هاتووە حزب هەر چوار ساڵ جارێك كۆنگرەی خۆی دەبەستێت، بۆیە بڕیارمانداوە وەكو كۆمەڵی ئیسلامی كۆنگرەی چوارەمی لە ئەمساڵدا ببەستێت و كۆنگرەیەكی نەوعی بێت، ئێمە چەند مانگێكی كەممان بەسەر وادەی ئەنجامدانی كۆنگرە تێپەڕاندووە".
هەروەها وتی "كۆنگرەی كۆمەڵی ئیسلامی كۆنگرەیەكی نەوعی دەبێت، گۆڕانكاریی زۆر و سەرتاسەری هەبێت، چەند لێژنەیەك بۆ سازكردنی كۆنگرە پێكهێنراوە و ئەو لێژنانەش سێ دانەن كە ئەوانیش لێژنەكانی ستراتیجییەت، لێژنەی پەیڕەوی ناوخۆ و لێژنەی زەمینەسازی كە هەریەكیان كار و ئەركێكی جیاواز و دیاریكراوی هەیە".
ئەوەشی وت "لێژنەی زەمینەسازی بۆ ئەوەیە كە ئەو كەسانەی لە كۆمەڵی ئیسلامی ناڕازی بوون یان نیگەرانن بەهەر بیانوویەك بێت ئەوا هەوڵ دەدات قەناعەتییان پێ بكات و بەبەرنامە رێژەی بگەڕێنەوە و بەشداریی كۆنگرە بكەن".
بەدرییە ئیسماعیل ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی سەبارەت بە كاندیدبوونەوەی عەلی باپیر وەكو ئەمیری حزب وتی: "مامۆستا عەلی باپیر چەندین جار لە كۆنگرەكانی پێشتر داوای كردووە كە ئەو ئەركەی لەسەر شان لابدەن و كەسێكی دیكە بۆ ئەو جێگەیەی ئەو بسپێردرێت، ئەو گوتویەتی كە وەكو سەربازێك دەمێنێتەوە لە خزمەتی كۆمەڵی ئیسلامی، بەڵام مامۆستا عەلی باپیر سەركردەیە و بەلایەوە سروشتییە كە كەسێكی دیكە خۆی كاندید بكات و بەدیلی هەبێت، بەڵام لەم قۆناغەدا وەكو كۆمەڵی ئیسلامی مامۆستا عەلی باپیر بە شیاو دەزانین بۆ ئەوەی بە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بمێنێتەوە، بەڵام ناونیشانی پۆستەكەی دەگۆڕێت".
كۆمەڵی ئیسلامی حزبێكی ئیسلامییە و لە ساڵی 2001 دامەزراوە دوای جیابوونەوەی لە بزووتنەوەی ئیسلامی "پارتی دایك بۆ ئیسلامییەكان" لە دامەزراندییەوە عەلی باپیر ئەمیرایەتی دەكات.
وەكو هەموو حزبەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئومێدی زۆر لەسەر گۆڕانكاری لە كۆنگرەی حزبەكاندا هەڵناچنرێت، بەڵام گۆڕانكارییە خێراكان، دەركەوتنی نەوەیەكی دیكەی سیاسی، بارودۆخی هەرێمایەتی لە پاڵ چەند هۆكارێكی دیكە وایكردووە حزبەكانی كوردستان 2019 بكەن بە ساڵی بەستنی كۆنگرە و هەمیشە گوێی لایەنگر و هەوادارانییان بۆ دروشمی "گۆڕانكاریی" ناچار بە هەڵخستن دەكەن، زۆرێكیشیان بە ئومێدەوە باس لەو "گۆڕانكاریی"یە دەكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group