ئاماری گیان لەدەستدانی حاجیانی عیراق بڵاودەكرێتەوە

14/08/2019

نەوا
سەرۆكی شاندی حەجی عیراق رایدەگەیەنێت، ئەم وەرزەی بەڕێوەچوونی فەریزەی حەج زۆر سەركەوتوو بووە و وا بڕیارە لە رۆژی پێنجشەممە 15-8-2019، یەكەم كاروانی حاجیانی عیراق بگەڕێنەوە.
لەوبارەیەوە خالد عەتییە سەرۆكی شاندی حەجی عێراقی لە پرێس كۆنفڕانسێكدا، كە لەشاری مەككەی پیرۆز بۆی رێكخرابوو، بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن ئاشكرایكرد،  ئەم وەرزەی حەج، وەرزێكی سەركەوتووبووە و 10 حاجیش گیانیان لە دەستداوە.
وتیشی:" گەشتی ئاسمانی گەڕانەوەی حاجیان بۆ عیراق لە 15ی مانگەوە دەستپێدەكات و 31ی ئەم مانگە كۆتایدێت، كە رۆژانە 6 گەشت ئەنجامدەدرێت و دەگەنە فڕۆكەخانەكانی بەغدا و نەجەف و سلێمانی و هەولێر و بەسرە، گەڕانەوەش لە رێگەی وشكانیەوە لە 16 مانگ دەستپێدەكات و هەفتەیەك بەردەوام دەبێت.
خالد عەتییە لەدرێژەی قسەكانیدا جەختیشیكردەوە، كەلەم وەرزەی حەجی ئەمساڵدا، 10 حاجی عیراقی گیانیان لەدەستداوە، كە دوانیان بەرەگەز كوردن.
لە وەرزەی ئەمساڵی حەج دا نزیكەی دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزار كەس بەشداربوون كە نزیكەی 56 هەزار كەس لە عیراق حەجیان ئەنجامدا و حەوت هەزار و 130یان لە هەرێمی كوردستان بوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group