ئاسایش دەستی بەسەر 13 تۆن برنجدا گرت

18/08/2019

نەوا
ئاسایشی سلێمانی كەسێكی دەستگیركرد كە بە نیازبوو،  13 تۆن برنجی بایەعی بە ناوی چەند ماركەیەك و بەنرخی گرانتر لە بازاڕدا ساغبكاتەوە.
لە راگەیەندراوێكدا ئاسایشی سلێمانی باسی لەوەكردووە،" لە درێژەی كارو چالاكیەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، بەمەبەستی نەهێشتن و بنبڕكردنی هەمو جۆرە مەوادێكی ساختە،  هێزەكانمان توانیان كەسێك دەستگیربكەن بەناوی (ع،ف،ع) لە گەڕەكی قولەرەیسی شاری سلێمانی كە بڕی (13) تۆن برنجی بایەعی لە كۆگاكەیدا عەمبار كردبوو".
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە،"دەستگیركراوەكە بە نیازبوە برنجی بایەعیەكە بكاتە كیسی 25 كیلۆگرامی بەتاڵ لە جۆری  (قبلە و فاخر و تایلاند)ەوە لە بازاڕ بەگرانتر ساغیان بكاتەوە و بیانفرۆشێت بە هاوڵاتیان".
ئاسایش باسی لەوەشكردووە،"پێشئەوەی  بیانخاتە بازاڕەوەو ساغیانبكاتەوە، دەستگیرا بەسەر برنجەكەداو ناوبراو ڕوبەڕوی لایەنی پەیوەندیدار كرایەوە بەمەبەستی ڕێكاری یاسایی".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group