وادەی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن دیاریكرا

19/08/2019

نەوا

وەزارەتی پەروەردە یەكەم رۆژی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی دیاریكرد و بڕیاریشی دا بە هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی بە ئینگلیزیكردنی هەردوو بابەتی بیركاری و زانستە گشتییەكان تایبەت بە قۆناغی فێركردنی بنەڕەتی.
ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە لە دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: 1ـی ئەیلول مامۆستایان دەستبەكاردەبن و 21ـی ئەیلوولیش یەكەم رۆژی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنە.
لە كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك بڕیاردەركراون بۆ ساڵی نوێی خوێندن لەوانە،  پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ دیاریكردنی میكانیزمێك سەبارەت بە دانانی بانكی پرسیارەكان تایبەت بە ئەزموونەكانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی كە پێویستە لە ماوەی چوار مانگدا كارەكانیان تەواوبێت.
یەكێك لە بڕیارەكانی تر، رێگەنەدانە بە كردنەوەی خولی بەهێزكردن و وتنەوەی پرۆگرامەكانی خوێندن لەو پەیمانگە پیشەییانەی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە مۆڵەتی پیشەییان پێدراوە.
وەزارەتی پەروەردە بڕیاریشیداوە بە هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی بە ئینگلیزیكردنی هەردوو بابەتی بیركاری و زانستە گشتییەكان تایبەت بە قۆناغی فێركردنی بنەڕەتی، كە لە ساڵی خوێندنی 2015 – 2016 وە دەستی پێكردووە، هاوكات بڕیاردرا بە گرنگیدان بە خوێندنی زمانی ئینگلیزی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group