پەرلەمانی عیراق پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارێكی هەڵدەگرێت

20/08/2019 عێراق
تەڵاڵ زۆبەعی پەرلەمانتار

نەوا
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، لەسەر داوایەكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی و بەهۆی تۆماركردنی چەندین سكاڵا لەسەری و بەتۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی، پارێزبەندی لەسەر تەڵاڵ زۆبەعی پەرلەمانتار هەڵگرتوە.
لەراگەیەندراوێكی ئەنجومەنی نوێنەراندا هاتوە "بەپشتبەستن بەو دەسەڵاتەی لەچوارچێوەی دەستوردا پێماندراوە، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر تەڵاڵ زۆبەعی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ئەویش بەهۆی چەندین سكاڵا و تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی، كە لەسەر ناوبراو تۆماركراوە".
لەراگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی تەڵاڵ زۆبەعی كراون بۆ ئەو ماوەیە دەگەڕێتەوە، كە لە خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەراندا لە 2014 ـ 2018 سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی بوە.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا داوا لە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی كراوە رێكاری پێویست بەرانبەر بە زۆبەعی بگرێتەبەر، هەروەها داواش لەو كەسانە كراوە كە سكاڵایان لەسەر ناوبراو تۆماركردوە، سەردانی دادگاكان بكەن.
ماوەیەك لەمەوبەریش ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق، دوو داوای ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران كردبوو بۆئەوەی پارێزبەندی لەسەر 21 ئەندامی ئەنجومەنەكە هەڵبگرێت، كە تۆمەتی گەندەڵی و بابەتی دیكەیان دراوەتەپاڵ.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group