سەفین دزەیی: رادەستكردنی نەوت بە بەغدا تەنها لایەنە هونەرییەكەی ماوە جێبەجێبكرێت

24/08/2019

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا زۆر باشن و بابەتی رادەستكردنی نەوتیش بە بەغدا تەنها لایەنە هونەرییەكەی ماوە جێبەجێ بكرێت.
لەلێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی "لە دوای سەردانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا پەیوەندییەكان زۆر باشبون و دواتریش شاندی پەیوەندیداری بەغدا هاتونەتە هەرێم و لیژنەی تایبەتیش لەسەر دۆسیەكانی نەوت و ئەمنی و بودجە پێكهاتون".
لەبارەی رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا، دزەیی وتی "ئەو ئامادەكارییەی كراوە وەك پێویست نەبووە، دیارە لەڕووی سیاسییەوە بڕیارەكە دراوە، بەڵام لە رووی هونەرییەوە ماویەتی، چونكە كۆمپانیا بێگانەكان هەن، كە وەبەرهێنان دەكەن لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان و بڕیار بدرێت ئەو نەوتە رادەست بكرێت دەبێت ماف و شایستە داراییەكانی ئەو كۆمپانیایانە رەچاو بكرێت".
لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیشەوە، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی "موچە و بودجە ساڵانەیە، كە ساڵی 2019 لە پەرلەمانی عیراق بڕیاری بودجەی هەرێمی كوردستان دراوە ئەوە تا كۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، بەڵام لە ساڵی 2020دا قسە لەسەر ئەوە دەكرێتەوە جارێكی دیكە پێدانی موچە و بودجە بە هەرێمی كوردستان چۆن دەبێت".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group