سەندیكای رۆژنامەنوسان دۆسیەی دەستگیركردنی رۆژنامەنوسێك لە هەولێر هەڵدەداتەوە

24/08/2019

نەوا-سەعید عەبدوڵا-هەولێر
پاش چوار رۆژ لە دەستگیركردنی رۆژنامەنوس بڕیار محەمەد، وابڕیارە رۆژی یەكشەممە 25-8 سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان كار لەسەر دۆسیەكە بكات.
لەلێدوانێكدا بۆ رادیۆ نەوا، ئازاد حەمەدەمین نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان وتی "رۆژی یەكشەممە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان دۆسیەی رۆژنامەنوس بڕیار محەمەد هەڵدەداتەوەو لێكۆڵینەوەكانی لەوبارەیەوە دەستپێدەكات". وتیشی "نازانین بڕیار رۆژنامەنوسە یان پێشمەرگەیە، بۆیە تائێستا هیچ هەنگاوێكمان نەناوە".
لەبارەی پێشێلكاری یاسای رۆژنامەنوسانی كوردستانیشەوە، كە پێویستە بە ئاگاداری سەندیكاكە رۆژنامەنوس دەستگیربكرێت، نەقیبی رۆژنامەنوسان باسی لەوەكرد، هەر لەو لێكۆڵینەوەیەی رۆژی یەكشەممە دەستیپێدەكەن، بەدواداچون بۆ ئەو باسەش دەكەن.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو بەبێ ئاگاداری سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان بنكەی ئاسایشی تۆبزاوە رۆژنامەنوس بڕیار محەمەد پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی رۆژنیوز دەستگیر دەكەن و دواتر رەوانەی ئاسایشی كەڵەك دەكرێت، پاشانیش بۆ ئاسایشی هەولێر دەگوازرێتەوە و هیچ كەسێك لە دۆست و خزم و پارێزەرەكانیشی تائێستا نەیانبینیوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group