رۆژنامەنوس بڕیار محەمەد بە كەفالەت ئازاد كرا

15/09/2019

نەوا
دوای نزیكەی 25 رۆژ لە دەستگیركردنی لە ئاسایشی هەولێر، رۆژنامەنوس بڕیار محەمەد پەیامنێری ماڵپەڕی "رۆژنیوز" بەكەفالەت ئازادكرا.
ماڵپەڕی رۆژنیوز، بڵاویكردەوە كە دوانیوەڕۆی رۆژی یەكشەممە بڕیار محەمەد پەیامنێری ماڵپەڕەكەیان، كە لە 21ی مانگی ڕابردوەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەولێرەوە دەستگیركرابو، بە كەفالەت ئازاد كراوە.
ئەو رۆژنامەنوسە لە بارەی ماوەی دەستبەسەربوونی رایگەیاندووە،"وێڕای ئەوەی زیندان خودی خۆی ئەشكەنجەیە، بەڵام لەماوەی 25 رۆژدا لە زیندان هیچ ئەشكەنجەو كارێكی نەشیاوم بەرامبەر نەكراوە."
رۆژی 21ی مانگی رابردو، بڕیار محەمەد لەلایەن ئاسایشی 'تۆپزاوا'ی سەربە هەولێرەوە دەستگیركراوەو دواتر ڕەوانەی ئاسایشی هەولێر كراوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە پەیامنێری دەڤەری برادۆستی ئەو ماڵپەڕە بەناوی زوبێر برادۆستی تا ئێستا لە زینداندایە كە لەمانگی تەمموزی ئەمساڵەوە دەستگیركراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group