دەنگۆی رێككەوتنی یەكلایەنەی یەكێتی لەگەڵ حكومەت و لایەنەكانی عیراق رەتدەكرێتەوە

15/09/2019
پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەكێتی نیشتمانی كوردستان

نەوا-كاروان مەحمود 
باس لەوەدەكرێت یەكێتی لەهەوڵدایە بەتەنها سەردانی بەغدا بكات و رێككەوتنی حزبی لەگەڵ حكومەتی عیراق بكات، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی و بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای ئەو حزبەش دەڵێت: "هەوڵەكانی یەكێتی بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراقی فیدراڵەو لەئێستاشدا سەرجەم هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ لێكنزیكتركردنەوەی هەردوولا كە دواتر ئەو پرسە لەبەرژوەندی خەڵكی كوردستانە".
پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، "یەكێتی نیشتمانی كوردستان هێزێكی كاریگەر لەسەر ساحەی سیاسی عیراق و هەرێمی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی تائێستاش پەیوەندییەكی بەهێزی هەیە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی عیراق و بۆ ئەوەش بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدایە رۆڵی خۆی ببینێت لەچارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراقی فیدراڵ، لەو روانگەیەشەوە هەوڵدەدات كێشەكان بەرێگەی گفتوگۆ چارەسەر بكرێت و رۆڵی هەبێت لە لێك نزیككردنەوەی هەردوولا".
وتیشی: "ئەو سەردان و چاوپێكەوتنانەی وەفدەكانی یەكێتی بۆ بەغدا لەپێناو ئەوەیە رۆڵی هەبێت لە دۆزینەوەی زمانی گفتوگۆو چارەسەر لەنێوان هەرێم و بەغداو چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكان كە دواتر لە بەرژوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، چونكە لەداهاتوویەكی نزیكدا روبەڕووی كێشەی بودجەو چەند كێشەیەكی دیكە دەبینەوەو پێویستە لەئێستاوە هەوڵەكان چڕ بكرێنەوەو هاووڵاتیانی هەرێم جارێكی دیكە روبەڕووی  قەیران دارایی و بڕینی مووچە نەبنەوەو بۆ ئەوەش یەكێتی نیشتمانی سەرجەم هەوڵەكانی خستووەتەكار".
سەبارەت بەو مەترسییانەی باس دەكرێت لەسەر رێككەوتنی هەرێم و بەغدا بۆ ساڵی 2020، پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا وتی: "وەكو یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەمیشە لەگەڵ ئەوەین رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بكرێت بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان، وە پێمانوایە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بەشە ئەركەی دەكەوێتە سەرشانی بۆ گەیشتن بە رێككەوتن جێبەجێی بكات و هیچ بەهانەیەك نەداتە دەست حكومەتی عیراق تاوەكو دەست بەرێت بۆ قوتی خەڵك و پرسەكانی دیكە".
راشیگەیاند، لەچەند رۆژی داهاتوو پرسی بودجە دێتە ئاراوەو پێویستە لە ئێستاوە پرسی رادەستكردنی نەوت و كێشەكانیدیكەی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەربكرێت و هیچ بەهانەیەك نەدرێتە حكومەتی عیراق، بەراستی بەشێكی زۆری كێشەكانیش لای حكومەتی عیراقییە بەڵام بەشێكی كێشەكانیش دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group