فوئاد حسێن: بنیادنانه‌وه‌ی عیراق پێویستى به‌ 88 ملیار دۆلاره‌

16/09/2019 عێراق

نه‌وا
فوئاد حسێن وه‌زیرى دارایى عیراق ده‌ڵێت "عیراق پێویستى به‌ 88 ملیار دۆلار هه‌یه‌ بۆ بنیادنانه‌وه‌ى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان، تائێستاش زیاتر له‌ ملیۆنێك و 500 هه‌زار ئاواره‌ له‌ وڵاته‌كه‌دا هه‌یه‌".
فوئاد حسێن له‌وته‌یه‌كدا له‌ كۆنگره‌ى وزه‌ى عیراقى له‌ شارى به‌غدا، جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی عیراق شه‌ڕى مانه‌وه‌ى كرد دژى دوژمنێكى دڕنده‌و بێ ره‌حمی وه‌ك رێكخراوى داعش، كه‌ یه‌ك له‌سه‌ر سێى عیراقى داگیركرد و بوه‌هۆى وێرانكردنى چه‌ندین شار و ژێرخانه‌كانیان.
وتیشى "بڕى پاره‌ی پێویست بۆ بنیادنانه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ 88 ملیار دۆلاره‌، هه‌روه‌ها به‌هۆى تیرۆره‌وه‌ ملیۆنان كه‌س ئاواره‌بون، به‌پێى سه‌رژمێریه‌كانیش تائێستا ملیۆنێك و 500 هه‌زار كه‌س ده‌ربه‌ده‌رن و هه‌زاره‌هاش بێسه‌روشوێنن، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وانه‌ى ژیانیان له‌ده‌ستدا و كه‌مئه‌ندام بون".
هه‌روه‌ها وه‌زیرى دارایى عیراق باسى له‌وه‌كرد، ده‌ستیان كردوه‌ به‌چاكسازى و چه‌ندین رێوشوێن گیراونه‌ته‌به‌ر بۆ تازه‌كردنه‌وه‌ى سیستم و گۆڕین له‌ میكانیزمی كاركردنى سه‌ر كاغه‌ز بۆ سیستمى ئه‌لیكترۆنى، پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2020ش له‌سه‌ر بنه‌ماى پرۆژه‌كان و ئه‌دا بنیادنراوه‌ له‌برى شێوازه‌ كۆنه‌كه‌، كه‌ نوێنه‌ران و شاره‌زایانى نێوده‌وڵه‌تى و په‌رله‌مانى عیراق و حكومه‌ته‌ ناوخۆییه‌كان و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌شدارییان تێدا كردوه‌.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group