لەیەك گۆڕی بە كۆمەڵدا لە رەققە تەرمی 730 كەس دۆزرایەوە

17/09/2019 جیهان

نەوا
لە یەكێك لە گۆڕە بە كۆمەڵەكانی تەڵایە لە رەققەی سوریا زیاتر لە 730 تەرم دەدۆزرێتەوە.
چەكدارانی داعش لە ساڵی 2014 كاتێك دەستیان بەسەر شاری رەققەی سوریادا گرت، كردیانە پایتەختی خەلافەتەكەیان، لەگەڵ ئەوەشدا كردیانە ناوەندێكی ترساندن و تۆقاندن.
لەو چوارچێوەیەدا یاسر خەمیس بەرپرسی تیمی فریاگوزاریی شاری رەققە، كە لێكۆڵینەوە لە كۆمەڵكوژییەكان و تاوانەكانی داعش دەكات و گۆڕە بە كۆمەڵەكان هەڵدەدەنەوە، بۆ ئاژانسی فوراتنیوز وتویەتی "لەشاری رەققە گۆڕە بە كۆمەڵەكان دابەشكراون بۆ چوار گۆڕەپان، تیمەكانی ئێمە توانیویانە تائێستا زیاتر لە پێنج هەزار و 250 تەرم لەو گۆڕە بە كۆمەڵانەدا دەربهێنن، بەشێكی زۆری ئەو تەرمانە ژن و منداڵن و سەریان لە لاشەیان جیاكراوەتەوە لەكاتی كوشتنیاندا، یاخود بە گوللـە كوژراون".
دەشڵێت "تەنها لە گۆڕی بە كۆمەڵی تەڵایە، كە گەورەترین گۆڕی بە كۆمەڵە، 730 تەرممان دەرهێناوە، زۆربەی قوربانییەكان ژن و منداڵن و كۆمەڵكوژ كراون".
تیمەكەی یاسر خەمیس دوای ئەوەی تەرمەكان لە گۆڕە بە كۆمەڵەكان دەردەهێنن، لەڕێی پزیشك و توێكاریی تایبەتەوە لێكۆڵینەوەیان لێ دەكەن و نمونەیەك لە جەستەیان دەنێرن بۆ تاقیگە و بەپێی ژمارە لە ئاماری لەناوچوان تۆماریان دەكەن. لەوبارەیەشەوە دەڵێت "زیاتر لە 780 تەرممان رادەستی خانەوادەكانیان كردوەتەوە، ئەوەی ماوە لای ئێمە پارێزراون و بەپێی ژمارە ئاماریان وەردەگیرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group