میدیاكانی ئەمریكا: هێرشەكانی سەر سعودیە لە ئێرانەوە ئەنجامدراون

17/09/2019 جیهان

نەوا
میدیاكانی ئەمریكا لەزاری بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەوە بڵاویانكردەوە، هێرشەكانی سەر دامەزراوە نەوتیەكانی سعودیە لەباشوری ئێرانەوە ئەنجامدراون.
كەناڵی سی بی ئێسی ئەمریكی لەزاری چەند بەرپرسێكی ئەو وڵاتەوە بڵاویكردۆتەوە، سەرچاوەی هێرشەكەی سەر كارگە نەوتیەكانی خرێس و بەقیقی سعودیە باشوری ئێرانە.
رونیشیكردۆتەوە، چەندین موشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئێرانی لەباشوری ئەو وڵاتەوە ئەو دوو دامەزراوە نەوتیەی سعودیەیان كردۆتە ئامانج.
ئەو بەرپرسە ئەمریكییانە ئەوەشیان باسكردووە، كە سیستەمی بەرگری موشەكی سعودیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی حوسیەكان رووی لە باشورە، بۆیەش لەبەشی باكوری ئەو دامەزراوە نەوتیانە بۆشایی هەبووە و لەوێوە كراونەتە ئامانج.
لەلایەكیترەوە كەناڵی سی ئێن ئێن لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لە لێكۆڵینەوەكانی پەیوەست بە هێرشەكەی رۆژی شەممەی سەر دامەزراوە نەوتیەكانی سعودیە، ئاشكرای كردوە، كە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی هێرشەكان لەباشوری ئێران و لە ناوچەیەكی نزیك لە سنوری عێراقەوە ئەنجامدراون و موشەك و فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان بە ئاسمانی عێراق و كوەیت تێپەڕیون و دزەیان كردۆتە كایەی ئاسمانی سعودیە.
بەهۆی ئەو هێرشانەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیە بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە و ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوایی هێرشەكانیان بە پەلامارێك بۆ سەر بازرگانی جیهانی وزە ناوبردووە.
لای خۆیەوە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا باسی لەوەكردبوو، ئەگەر بسەلمێنرێت چ لایەنێك لەپشت ئەو هێرشانەوەیە، دوور نییە واشنتۆن بیر لە بەكارهێنانی كارتی سەربازی لە دژی ئەو لایەنە بكاتەوە.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group