"كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە عیراق و هەرێمی كوردستان قورسایی خۆیان لەدەستداوە"

17/09/2019
نەوا
ئەندامێكی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن رایدەگەیەنێت، پاڵنەری سەرەكی ئەنجامدانی ساختەكاری لە هەڵبژاردن روندەكاتەوە. شارەزایەكی بواری هەڵبژاردنیش دەڵێت "كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە عیراق و هەرێمی كوردستان قورسایی خۆی لە دەستداوەو لەسەر بنەمای حزبی كۆمسیاران دیاری دەكرێت".
لە میانی ئەڵقەی حەوتەمی بەرنامەی "هەڵبژاردن و سیستمەكانی"ی كە دوو هەفتە جارێك لە رادیۆ نەواوە پەخش دەكرێت و لەلایەن رێكخراوی ماڵی سەركەوتن بۆ گەشەپێدانی تواناكان سپۆنسەری كراوە، هەڵشۆ عەبدولفەتاح ئەندامی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن وتی "پاڵنەری سەرەكی ئەنجامدانی ساختەكاری لە هەڵبژاردن ئەوەیە لەلایەن گروپێكی دیاریكراو ساختەكاری دەكرێت بەشێوەیەكی رێكخراو بەجۆرێك خواستی دەنگدەری تێدا نەبێت بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ئەو هێزو لایەنە سیاسییە، لەكاتێكدا ئەگەر هەڵبژاردنی راستەقینەو بێ ساختەكاری بكرێت ناتوانێت بەشێوەیەكی راستەقینە ئەو هەڵبژاردنە لە بەرژەوەندی خۆی كۆتایی پێبهێنێت".
وتیشی "هێزی دامەزراوە نیشتمانییەكان لەوێ دەردەكەوێت كە شوێنی جیاكردنەوەو ژماردنەوەی دەنگەكانەو هەروەها لەكاتی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن". 
لەلایەكی دیكەوە پارێزەر ئومێد جاف چاودێر‌و شارەزای بواری هەڵبژاردن لە میانی بەرنامەكەدا باسی لە ئەنجامدانی ساختەكاری لە هەڵبژاردن و سەربەخۆی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە عیراق و هەرێمی كوردستان كردو وتی "ساختەكاری ئەوەیە كەوا كەسانێك هەیە دەنگ دەدات لەكاتێكدا مافی دەنگدانی نییەو لەجێگەی كەسێكی دیكە دەنگیداوە، ئەوەش دەبێتە هۆكاری شێواندنی پرۆسەی هەڵبژاردن".
راشیگەیاند، بەپێی یاسای ژمارەی 11 ساڵی 2007 كۆمسیۆنی عیراق دەستەیەكی سەربەخۆیە كە بنەماكەی مادەی 102ی دەستوری عیراقییەو پێویستە لەسەر بنەمای سەربەخۆبوون كۆمسیۆن دیاری بكرێت، هەروەها لە هەرێمی كوردستان یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2014مان هەیە بە دەق هاتووە كە كۆمسیۆن سەربەخۆیە، ئەم شیكارییەش بۆ ئەوەیە كە ئێستا كۆمسیۆنی هەڵبژاردن قورسایی لەدەستداوە.
پارێزەر ئومێد جاف چاودێر‌و شارەزای بواری هەڵبژاردن وتیشی "پەرلەمانی كوردستان یاخود پەرلەمانی عیراق یاسایەكی دەركردووە بەوەی كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دامەزراوەیەكی بیلایەنەو سەر بەهیچ حزبێك نییە لە عیراق و هەرێمی كوردستاندا، بەڵام لەكاتی دیاریكردنی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە عیراق و هەرێمی كوردستانیش لەسەر بنەمای پشكی حزبی ئەندامەكانی دیاری دەكرێت". 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group