نەوەی نوێ داوا دەكات هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم لەگەڵ عێراق ئەنجامبدرێت

17/09/2019

نەوا
نەوەی نوێ داوادەكات هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم لەگەڵ عێراق ئەنجامبدرێت، باس لەوەشدەكات پارتی و یەكێتی بەهۆی ترسیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەیە.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە، كە تیایدا هاتوە: "یەكێتی و پارتی ترسیان لە ‌ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم هەیە،‌ بۆیە پرۆسەكەیان دواخستوە و بەشێوەیەكیش هەمواری یاساكەیان كردووە بۆ ئەوەی بتوانن كەسانی حیزبی بكەنە پارێزگاری شارەكانی هەرێم".
ئەو جوڵانەوەیە داواش دەكات، پرۆسەكە لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراقدا دەرفەتێكی گونجا و دەبێت بۆ نوێ كردنەوەی حكومەتی خۆجێی پارێزگاكان و پێشكەشكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری بە خەڵك، دەشڵێت: "كۆتایی بە ناشەرعی بوونی پرسی مانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش دەهێنرێت".
لەبەشێكی دیكەی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە: "بۆ نەهێشتنی پاساوی دابینكردنی بودجە و خەرجی بۆ هەڵبژاردنەكە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرپەرشتی پرۆسەكە لە ‌هەرێمدا بكات".
لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، نەوەی نوێ دەڵێت، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەگەڵ عێراقدا یارمەتی چارەسەری كێشەی پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجەش دەدات و دۆخی پێكنەهاتی حیزبەكانی دەسەڵات لەسەر ئەو پرسە چارەسەر دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group