لە سلێمانی كارگەیەكی تایت دادەخرێت

18/09/2019

نەوا
لەسەر زانیاری ئاسایش و بەهۆی فێڵكردن لە هاووڵاتیان، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كارگەیەك دادەخات.
ماڵپەڕی قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردەوە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیەوە زانیاری لەسەر هەبوونی كارگەیەك دراوە بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت، كە خاوەنەكەی بەنیازبووە تایتی هاوردەكراو بكات بە‌ تایتێكی بەناوبانگ و لەبازاڕەكانی شاری سلێمانی بەهاووڵاتیانی ‌بفرۆشێت.
‌‌ئاماژە بەوەشكراوە، كارگەكە لەناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانییە و تیایدا دەست گیراوە بەسەر ئامێری تێكردنەوەی تایت بۆ زەرف، (8) تۆن تایتی جۆراوجۆر، (7) هەزار كارتۆنی بەتاڵی چاپكراو لەجۆری (سۆپەربای) لەگەڵ (680) كیلۆگرام نایلۆنی بەتاڵ، كە بۆ تێكردنەوەی تایتەكە سودیان لێبینیوە.
ئەوەش خراوەتەڕو، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە كارگەكە دادەخرێت و خاوەنەكەی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group